ئا: پەیام نەجمەدین
ئەو ژنانەی هاوسەریان نەماوە، یان لەهاوسەریان جیابوونەتەوەو لەکوردستان بە"بێوەژن" ناودەبرێن، لەچۆنیەتی مامەڵەی کۆمەڵگەو کەسوکاریان لەگەڵیان ناڕازین، ژنێک دەڵێت "خەڵکی هەمووی خۆی لەژیانم هەڵدەقورتێنێت، بەشێکیان دەستخۆشیم لێدەکەن بۆ دانیشتن بەدیار منداڵەکانمەوەو بەشێکی دیکەشیان دەڵێن دامەنیشە شوو بکەرەوە".
"دوای مردنی هاوسەرەکەم، خوشکەزاو برازاکانم دەهاتن بۆ لام، هەموو رۆژێک دراوسێکان بەتوانجەوە دەیانوت ئەوانە کێن؟!".
ئەمە وتەی سوهام مەجیدە، کە ژنێکی بێ هاوسەرەو خۆیو دوو کوڕەکەی پێکەوە دەژین. سوهام باس لەوە دەکات ژنانی بێ هاوسەر هەمیشە چاوی خەڵکیان لەسەرە، هەم کەسە نزیکەکانیان، هەم دراوسێو کۆمەڵگا بەگشتی، ئەو وتی "سەختییەکانی ژیانمان زۆرن، هەژاریو دەستکورتی، ئازاد نەبوون لەهاتووچۆکردن، تەنانەت شەوان مناڵت نەخۆش دەبێت دەبێت چاوەڕێ بکەیت تا ڕۆژ دەبێتەوە، ناتوانیت لەدەرگای هەمووکەس بدەیتو بوگەیەنێت".
وتیشی "باری ئابوری زۆربەی ژنانی بێ هاوسەر خراپە، ئەوانەی خاوەن کار بن تا ڕادەیەک باشترن، ئەگەر داهاتت نەبێتو لەشوێنیکی وەک سەیدسادق بژیت، دەبێت یان نان بکەیت یان ئیشی دەشت بکەیت، یان خێرخواز یارمەتیت بدات، یان کەسوکارت ئەگەر هەیان بێت".
سوهام باس لەوە دەکات کە تێڕوانینی خەڵک جیاوازە بۆ ژنانی بێ هاوسەر، ئەو وتی "زۆربەی خەڵکی دەستخۆشیت لێدەکەن بۆ دانیشتن بەدیار منداڵەکانتەوەو بەخێوکردنیان، بەشێکی دیکەشیان دەڵێن دامەنیشە شوو بکەرەوە،هەریەکەو بەجۆرێک خۆی لەژیانت هەڵدەقورتێنێت، بۆیە ئێمە بەلەش زیندووینو بەروح مردووین".
وتیشی "ناتوانی هەموو جلێکو ڕەنگێک بپۆشیت، گەر بچم بۆ ماڵی براکانم کە دێمەوە دەبێت یەکێکیان لەگەڵم بێن لەترسی قسەی خەڵک، دەبێت هەموو گومانێک بکەیت، جارێک دراوسێیەکم هات موبەریدەم بۆ چاک بکات، خێزانو مناڵەکانیشی هێنابوو لەترسی قسەو قسەڵۆکی خەڵکی".
سوهام یەکێکە لەهەزاران ژنی بێ هاوسەر لەکوردستاندا، کە خۆ تێهەڵقورتاندنی کۆمەڵگە لەهەموو وردەکارییەکانی ژیانیاندا، کێشەی بۆ دروست کردوونو ژیانی لێ تاڵ کردوون.
محەمەد مارف، توێژەری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات کە هەمیشە ژنانی بێ هاوسەر لەبەرداشی تێڕوانینی باوو دواکەوتووانەی کۆمەڵگەدا ژیانی دەهاڕدرێت، بەوەی کە نابێت زۆر دەربکەوێت، زۆر ئارایش بکات، جلی ڕەنگاوڕەنگ لەبەر بکات، نابێت بۆ هەندیک بۆنەو ئاهەنگ بچن، ئەو بەئاوێنەی وت "هەمیشە کۆمەڵگە وایکردووە کە ژنانی بێ هاوسەر بەجۆرێک مامەڵە بکەن وەک ئەوەی چاوێکی وردیان لەسەرەو چاوددێری دەکرێن".
وتیشی "ژنانی بێ هاوسەر دوو جۆرن، ئەوانەی کە هاوسەریان مردووە، ئەوانەشی کە جیابونەتەوە لەهاوسەریان بەهەر هۆکارێک بێت، کۆمەڵگە زیاتر بۆ جۆری یەکەمیان بەچاوی سۆزو بەزەییەوە دەڕوانێت".
ئەم توێژەرە ئاماژە بەوە دەکات کە ژنانی بی هاوسەر لەڕووی تەمەنیشەوە دابەش دەکرێن بەسەر چەند قۆناغێکی تەمەندا، ئەو وتی "ئەوانەی تەمەنی لاوییان هەیە دەتوانن هاوسەرگیری بکەن، ئەم جۆرەش دەکرێن بە چەند بەشێکەوە ئەوانەی منداڵییان هەیە کە گەورەن یان ئەوانەی منداڵەکانیان بچوکنو خوار ١٨ساڵن".
ئەو ژنانەی بێ هاوسەرنو لەکوردستاندا بە"بێوەژن" ناودەبرێن، زۆر جار ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر بەو گۆرانیو کارە هونەرییانەی بڵاودەبنەوەو سوکایەتی پێدەکات یان هەستیان بریندار دەکات.
پارێزەر جەمال هەڵەبجەیی، لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "ئەگەر ڕەفتارو گوفتارێک بەرامبەر ژنانی بێ هاوسەر نوێنرا کە چووە خانەی سوکایەتی پێکردنەوە، ئەوا دەبێتە تاوانو بەپێی یاسای سزادانی عێراقیو بەپێی ماددەکانی ٤٣٣و ٤٣٤ دەتوانرێت سکاڵا تۆمار بکرێت".
وتیشی "خەرجی ژنی بێ هاوسەر تا سێ مانگ دوای جیابونەوە دەبێت لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دابین بکرێت کە پێیدەوترێت عیدە، گەر منداڵیشی لەگەڵ بوو، ئەوا دادگا بەپێی توانای ماددی هاوسەرەکەی خەرجی منداڵەکە دابین دەکاتو دەیخاتە ئەستۆی پیاوەکە".
پیاوانی ئایینیش ئاماژە بەوە دەکەن ئایینی ئیسلام رێزگرتن لەئافرەتی بێ هاوسەر بەئەرکی هەموو موسڵمانێک دەزانێتو پێویستە رێگرییان لێنەکەن هاوسەرگیریی بکەنەوە.
د.محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فتوای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە لەئیسلامدا دایکان سێ پلە لەپێشی باوکەوەنو نەفەقەیان لەسەر پیاوان واجب کراوە ئەگەر پیاوان باوکیان بن برایان بن یان هاوسەر، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەگەر ئافرەت جیابویەوە لەهاوسەرەکەی چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ نەفەقەی، ئەویش ئەو مارەییەیە کە لەهاوسەرەکەی وەردەگیرێتەوە، ئەگەر چویەوە ماڵی باوکی، باوکی خەرجی دەکێشێت وەکو جاران، ئەگەر باوکی نەبوو براکانی لەسەریان واجبە".
وتیشی "جیابوونەوە حەڵاڵێکە خودا دایناوەو لەئیسلامدا عەیبە نییە، ئەشتوانێت هاوسەرگیری بکاتەوەو خۆی بڕیار بدات، یەکیک لە کێشەکانی ژنانی بێ هاوسەر ئەوەیە هەندێکیان دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەنەوە، بەڵام لەلایەن کەسوکاریانەوە ڕێگرییان لێدەکرێت، ئەمەش سەر دەکێشێت بۆ هاوسەرگیری میسیار".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.