ئا: محەمەد هاوژین
هەموو رۆژێکی هەینی، باخی گشتی سلێمانی لەنیوەڕۆوە تا ئێوارەیەکی درەنگ دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی ئەو گەنجە بەنگلادیشیو هندیو نیپاڵیانەی بەمەبەستی ئیشکردن روویان لەشارەکە کردووە، کچە نیپاڵییەک دەڵێت "خوا خوامە زوو رۆژی هەیینی بێت، بۆ ئەوەی بێم بۆ باخی گشتیو هاوڕێکانم ببینم".
رەحمانی تەمەن ٢٩ ساڵ، کە ماوەی ١٠ ساڵە لەسلێمانی دەژی، لەسەر مێزەکەی بەردەمی چەند جۆرێک لەخواردەمەنیو شیرینی بەنگلادیشی داناوەو ناو بەناوێکیش بۆرەکو پیازییو ماسی دەخاتە تاوەکەی پشت مێزەکەوەو خەریکی سوورکردنەوەیانە، ئەو کە لەکۆمپانیای قەیوان کاری دانانی کارەبا دەکات، هەموو هەفتەیەک لەرۆژی هەیینیدا کە پشوویەتی، هەم بۆ بینینی هاوڕێکانیو هەم بۆ فرۆشتنی ئەو خواردەمەنیو شیرینیە بەنگلادیشیانەی ئامادەی دەکات دێتە بەردەم باخی گشتی، ئەو کە فێری کوردی بووە، بەئاوێنەی وت "ئەوانەی رۆژانی هەیینی لێرە کۆدەبنەوە، زۆربەیان بەنگلادیشیو هندیو نیپالین، بەنگلادیشییەکان زۆربەیان کوڕنو لەهۆتێلو کۆمپانیاکاندا کار دەکەن، کچەکان زۆربەیان نیپالینو لەماڵاندا کار دەکەن، هندییەکانیش کوڕو کچیان تیایەو کوڕەکانیان وەک بەنگلادیشییەکان لەهۆتێلو کۆمپانیاکاندا کار دەکەنو کچەکانیشیان لەماڵاندا".
وتیشی "باخی گشتی شوێنێکی زۆر باشە، لەهەر شوێنێکی سلێمانی بیت دەتوانیت بەئاسانی بیگەیتێ، لەبەرئەوەی لەناوەڕاستی شاردایەو لەوەتەی من لەسلێمانیمو پێش منیش ئەم نەریتە پەیڕەو کراوە کە هەموو ئەوانەی لەوڵاتانی هەژاری وەک ئێمەوە بۆ ئیشکردن هاتوونەتە سلێمانی، رۆژی هەیننی دەرفەتی ئەوەیان هەیە یەکتر ببیننو دەردەدڵو قسەو باسی خۆیان بکەن".
رەحمان ئاماژە بەوە دەکات کە سلێمانی شارێکی زۆر خۆشو جوانەو لێرە ئاسوودەیە، بەشێک لەگەنجانی سلێمانیش بەخواردەمەنیە بەنگلادیشییەکان ئاشنا بوونو دێن دەیخۆن، ئەو وتی "ژیان لێرە لەکوردستان خۆشە، بەڵام گرنگ ئەوەیە پارەت پێبێت، پارە هەبێت ژیان هەیە، پارە نەبێت ژیان نییە".
ئەو کە سینگلەو هاوسەری نییە، کاتێک پەیامنێری ئاوێنە لێی دەپرسێ کچی کورد جوانە یان بەنگلادیشی، ئەو دەڵێت "کچ هەموویان جوانن، پارەم هەبێت ژنێکی کورد دەهێنم".
رۆژانی هەیینی هەر لەنیوەڕۆوە پەیتا پەیتا بەماتۆڕو بەپیادەو تەکسی ئەم گەنجانە روودەکەنە باخی گشتیو رازو نیازی خۆیان بۆ یەکتری باس دەکەن، جارجارەش تەلەفۆن بۆ کەسوکاریان دەکەن، هەرچەندە زمانی خۆیان هندیو بەنگلادیشیو نیپاڵییە، بەڵام زۆربەیان بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە لەشاری سلێمانی کاردەکەن، زمانی کوردی فێر بوونو دەتوانن قسەی پێبکەن.
کریسنا، گەنجێکی ئەسمەری تەمەن ٣١ ساڵی هندییەو ئێستا لەیەکێک لەهۆتێلە ناودارەکانی سلێمانی ماوەی شەش ساڵە کار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات بڕێک لەمووچەکەی مانگانە بۆ خێزانو کچو کوڕەکەی دەنێرێتەوە کە لەشاری دەلهی پایتەختی هندستان دەژین، ئەو خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بەوە دەردەبڕێت کە لەشاری سلێمانی دەژیو مامەڵەی هاوڵاتیانی ئەم شارە لەگەڵیاندا خۆشو دروستە، ئەو وتی "هەموو ئەو کوڕو کچانەی لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە هاتوونەتە سلێمانی بەمەبەستی ئیشکردن، لەرۆژانی هەینیدا دێنە باخی گشتی بۆئەوەی یەکتری ببیننو چەند ساتێکی خۆش بەسەربەرن".
کریسنا کە بەکوردییەکی تێکشکاو قسە دەکات، پێیوایە باخی گشتی یەکێکە لەشوێنە جوانو سەرنجڕاکێشەکانی سلێمانیو زۆری پێخۆشە کاتێک رۆژانی هەیینی دێتە ئەم شوێنەو هاوڕێو هاوڵاتییەکانی خۆی دەبینێ، ئەو وتی "باخی گشتی لەرۆژانی هەیینیدا کە پشوومانە خەمو هیلاکی هەفتەیەکمان لەبیردەباتەوە".
وتیشی "ئێرە کۆکەرەوەی هەموو رەنگە جیاوازو میللەتە جیاوازەکانە".
لەنێو ئەو کوڕو کچانەدا کە لەنێو باخی گشتیدا کۆدەبنەوە، ژمارەیەک کچی گەنجی نیپاڵی سەرنجڕادەکێشێت کە پێکەوە خەریکی پێکەنینن، یاخود لەگەڵ چەند کوڕێکدا قسەو باسیان گەرمە.
ئیشایای تەمەن ٢٤ ساڵ، کچێکی نیپاڵییەو ماوەی سێ ساڵە هاتووە بۆ سلێمانیو لەماڵێکدا کار دەکات، ئەو پێیوایە ئەو بڕە پارەیەی وەریدەگرێت "باشە"و جگە لەپاشەکەوت کردنی بەشێکی بۆ خۆی، مانگانە بڕێکیشی دەنێرێتەوە بۆ ماڵی باوکی کە زۆر بیریان دەکات، ئەو وتی "لەڕۆژانی شەممەوە تا پێنجشەممە، خوا خوامە زوو رۆژی هەیینی بێت، بۆ ئەوەی بێم بۆ باخی گشتیو هاوڕێکانم ببینم، چونکە کاتێک ئەوان لێرە دەبینم هەستدەکەم لەوڵاتەکەی خۆمدام، بۆیە باخی گشتی بۆ ئێمە وەک نیشتمانی دووەممان وایە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.