وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات کە بە فەرمی هیچ نوسراوێکیان بۆ راگرتنی هاوکارییەکان پێنەگەیشتووە، هاوکات بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتەکەش دەڵێت "بەگوێرەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان پنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکارییەکانی هاوپەیمانان تاوەکو ئەیلولی ٢٠٢٦ بەردەوامدەبن".
ئاوێنە: شاکۆ عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە میدیای یەکێتی وت "بەگوێرەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی واژۆکراوی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا، هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تاوەکو مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبن و تاوەکو ئەو کاتە مسۆگەر کراوە".
لایخۆشیەوە لیوا بەختیار محەمەد، ئەمیندارى گشتیی وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت "تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ نوسراوێکیان پێنەگەیشتووە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لەبوونی بڕیاری لەوشێوەیە بەنوسراویی فەرمی لەڕێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا یاخود هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
هەروەک ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە دووجۆر هاوکاریی وەردەگرن ئەوانیش، هاوکاریی هاوپەیمانان لەگەڵ هاوکاریی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق لەچوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنی و بەرگری".
رۆژی ٢٤ـی ئەم مانگە، ترەمپ بە فەرمانێکی جێبەجێکاری کە ئەو بەڵگەنامەیە دەست رۆژنامەی "پۆلۆتیكۆ"ی ئەمریكی كەتووە و رەوانەی سەرجەم بەرپرسە دیپلۆماسی و كونسوڵخانەكان كراوە، فەرمانی دەستبەجێ دراوە بەراگرتنی كاركردن بۆ سەرجەم هاوكارییە دەرەكییەكان. بەوپێیەی هاوكارییەكان بۆ ماوەی ٩٠ رۆژ راگیراوە، لەچاوەڕوانی پێداچونەوەی لەلایەن وەزیری دەرەوەوە، جگە لە ئیسرائیل و میسر.