جەمال کۆچەر شێوازی دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک‌و خانەنشینان بۆ ئاوێنە ئاشکرادەکات
  2025-01-25       4665       

بەپێی وتەی جەمال کۆچەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تەیف سامی پێی وتووە؛ سەقفێکی جێگر بۆ هەرێم دادەنێت و بەپێی بایۆمەتری مووچەی ئەمساڵیش دەنێرێت، لەبارەی ئەوەی خانەنشینانی بەغداش وەکو هەرێمە ناوبراو ئاشکرایکرد کە "لەبنەڕەتەوە یاساکە یاسای بەغدایە و هاوتاکراوە".

ئاوێنە: جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەوەی ئایا خانەنشینی لە بەغداش وەکو هەرێمە؟ لە لێدوانێکدا بە ئاوێنە دەڵێت "لە بنەڕەتدا ئەو یاساییە یاسای بەغدایە کە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەغدا داوایکرد بۆ ئەوەی وەکو یەکی لێبکرێت دەبێت هەرێم یاساکە جێبەجێبکات، بەپێی یاساکەش تەمەنی خانەنشینی ئێستا بووە بە ٦٠ ساڵ، هەرێمیش تا بتوانن پارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان وەربگرن وەکو بەغدای لێبێت دەبێت ئەو یاسایە جێبەجێبکەن، ئێستا ئەوەش جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی عێراقە".

سەبارەت بەنەبوونی دامەزراندن و کێشەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاساییە؟ جەمال کۆچەر رونیکردەوە "کاتێک ئەو یاسایە لەتەمەنی ٦٣ بۆ ٦٠ ساڵی گۆڕا لە قۆناغی یەکەم لەبەغداش ئەو کێشە و قەرەباڵغیەی بۆ دروستبوو، بەڵام ئێستا رێگای خۆی گرتووە و هیچ کێشەیەکی نییە و لەوەو بەدوا هەر ساڵە و موالیدێک خانەنشین دەبێت، لە هەرێمیش چونکە زۆر کەس خانەنشین دەبێت کە سێ موالیدە، هەمان کێشە دروستبووەتەوە".

پەیوەست بەوەی تاچەند مووچەی ئەمساڵ جێگیر دەبێت؟ ئەندام پەرلەمانەکەی بەغدا و هەرێم داوای رونکردنەوەیان لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کردووە، کە هیچ سەقفێکی دیاریکراو بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دیاریکراوە؟ یاخود مووچەی مووچەخۆرانی دەوڵەتی عێراقی جێگیرە؟ ناوبراو وتویەتی؛ "بەڵێ دیارە، تاڕادەیەک سەقفێکی دیاریکراو و جێگیرە، وتم بۆچی ئێمە وانییە هەر مانگێک و بەجۆرێکە!، وتی؛ ئەو پرسیارە لە حکومەتی هەرێمی خۆت بکە هەر جارە و لیستێک دەنێرێت. هەربۆیە داوامانکردووە ئێمە لەهەردوو حکومەت لیستێکی جێگیر بێت، بە نمونە بۆ مانگی یەکی ٢٠٢٥ و مانگی ٢ی هەمان ساڵ هەمان شت بێت، مەگەر کەسێک خانەنشین بێت یان بمرێت لەم لیستە دەچێت بۆ لیستەکەی دیکە".

لەبارەی شێوازی دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵیش، جەمال کۆچەر زیاتر بۆ ئاوێنە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "دامەزراندن نییە، جارێک کارەکانیش رونن و داوامانکردووە گرفتی ئێستا دروست نەبێتەوە، چونکە ئەو کێشەیە تاوەکو مووچەی مانگی چوار کێشەی نەبوو، لە پێنج تاوەکو ١٠ و ١١ کێشە دروستبوو، چونکە هەرێم هەر مانگێک و لیستەکەی جیاواز بوو داوای پارەی زیاتری لەبەغدا کردووە، بەڵام بەغدا سەقفێکی جێگیری دانانی پارەیان هەیە کە هەرێم کەمترین پارەی بۆ ماوەتەوە بۆ مانگەکانی دیکە و بەردەوام راکێشراوە، بەغدا دەڵێت؛ من سەقفێکتان بۆ دادەنێم بەپێی بایۆمەتری مووچەی ئەمساڵتان بۆ دەنێرم واتە لە مووچەی مانگی یەکەوە". 

لەسەر مووچەی مانگی ١٢یش، بەوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی بێت، بەغدا وتویەتی "من پارەم ناردووە هیچیتر نانێرم حساباتی ساڵی ٢٠٢٤ و مانگی ١٢ لای من قوفڵە"، لەکۆتایدا جەمال کۆچەر ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئومێدبەخش نیەو "نازانن".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×