ئا: عەمار عەزیز
لەعێراقو ھەرێمی کوردستان، لەباربردنی منداڵ بەپێی یاسا قەدەغەیە، تەنیا لەچەند بارێکی دیاریکراودا نەبێت، کە یاسا پاڵپشت بە بەڵگەو راپۆرتی پزیشکی رێگەی پێدەدات، لەھەمانکاتدا چەند رێکخراوێک لە دھۆک ھەوڵدەدەن لەباربردنی منداڵ قەدەغە نەکرێت، پارێزەرێک دەڵێت "دیاردەی لەباربردنی منداڵ لەسنوری دھۆکو زاخۆ بەربڵاوە".
رێکخراوی نۆژین لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراوی دیکە، پرۆژەیەکی تایبەتیان بۆ چارەسەر کردنی لەباربردنی منداڵ ئامادە کردوە، بەنیازن پێشکەش بەلیژنەکانی یاساییو کاروباری ژنانی بکەن لەپەرلەمانی کوردستان، تاوەکو پەسەند بکرێتو بکرێتە یاسا .
عەبدال نوری، بەڕێوەبەری رێکخراوی نۆژین لەشاری دھۆک بەئاوێنەی وت "بەپێی یاسا تەنیا لەدوو حاڵەتدا رێگە بەژن دراوە، منداڵ لەبار ببات، پڕۆژەکەی ئێمە ئەوەیە ئەو حاڵەتانەی کە ئێستا چارەسەر نەکراون بەرگێگی یاساییو تەندروستییان بپ بدۆزینەوە، بەنموونە ئەو ژنانەی ڕووبەرووی لاقەکردنو توندوتیژی سێکسی دەبنەوەو بەبێ ویستی خۆیان دووگیان دەبن، ھەروەھا چەند حاڵەتێکی تر ھەن کە چارەسەریان بۆ نەکراوە ".
وتیشی "نزیکەی دوو ساڵە پڕۆژەکەمان ئامادە کردوە، چاوەڕێی دەست بەکاربوونی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، لەگەڵ لیژنەی یاساییو ژنان لەپەرلەمانی کوردستان کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێ کردنی، دواتر پێشکەش بەسەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی دەکەین، پێویستمان بەدەنگی ١٥ پەرلەمانتار ھەیە تا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، ئێنجا بۆ خوێندنەوەی دووەم زیاتر لەنیوەی پەرلەمانتار دەنگی پێبدەن تا پڕۆژەکە پەسەند بکرێت".
چەند رێکخراوێک لە دھۆک ھەوڵدەدەن لەباربردنی منداڵ قەدەغە نەکرێت
ئەمە لەکاتێکدایە کە دەستوری عیراقی لەماددەی ٢دا دەڵێت: شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی ھەموو یاسایەکانە. ئەمەش وایکردووە کە لەباربردنی منداڵ بەپێی یاسا قەدەغەو رێگەپێنەدراو بێت.
ھەڵات مزوری، پارێزەر لەدادگای دھۆک بەئاوێنەی وت "دیاردەی لەباربردنی منداڵ لەسنوری دھۆکو زاخۆ بەربڵاوە، بۆ سزادانی ئەو ژنانە یاخود ئەو کەسانەی دەبنە ھۆکار بۆ لەباربردنی منداڵ، ماددەی ٤١٨و ٤١٧مان ھەیە، لە ٤١٨دا ھاتووە کە بەبێ رازەمەندی خۆیان منداڵەکانیان لەبار ببردرێت، ھەر کەسێک ئەو کارە بکات ئەوا سزاکەی لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ ساڵ زیندانیە بەپێی بارودۆخەکە دەگۆڕێت، ھەروەھا بەپێی ماددەی ٤١٧ لەیاسای سزادانی عێراقی، ھەر ژنێک منداڵەکەی ناو سکی خۆی لەبار ببات، یان بەرازەمەندی خۆی کەسێکی دیکە منداڵەکەی لەبارببات، ئەوا سزاکەی بەزیندانی تا ساڵێک و غەرامەیەک یان یەکێکیان سزادەدرێت".
وتیشی ""کۆمەڵگای ئێمە بەگشتی کۆمەڵگایەکی موسڵمانەو شەریعەتی ئیسلامیش سەرچاوەی هەموو یاساکانەو بەپێی شەریعەتی ئیسلام لەباربردنی منداڵ گوناحو تاوانە لەعێراق، بەپێچەوانەی بەشێک لەوڵاتانی دیکەی عەرەبییەوە، بۆ نمونە لەمیسر بڕگەیەکی یاسایی ھەیە لەسەر لەباربردنی منداڵ دەڵێت: ئەگەر لەباربردنەکە بۆ حاڵەتێکی گرنگو پێویست بێت ئاساییە، ھەروەھا لەتونسو مەغریب لەچەند حاڵەتێکدا ئاساییە".
ئەو پارێزەرە پێیوایە لەھەندێک حاڵەت رێگە بەژن بدرێت منداڵەکەی لەبار ببات شتێکی باشە، ئەو وتی "ئەگەر بەزۆر دەستدرێژی بکرێتە سەر ژنێک یان باوکی منداڵەکە نەزانرێت، لێرەدا بۆ ئەم حاڵەتانە رێگە بەژن بدرێت باشە ".
دکتۆرێک: ژنان داوام لێدەکەن منداڵەکەیان لەبار ببەم
لەنەخۆشخانەی لەدایک بوونی منداڵان لەدھۆک تەنیا رێگە بەو ژنانە دەدرێت کە منداڵ لەبار ببەن ئەگەر بزانن منداڵەکە "شێواو"ی ھەیە، واتە چەند ئەندامێکی کێشەی ھەیە .
دکتۆرە زۆزان عەبدولرەحمان فارس، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لەشاری دھۆک بەئاوێنەی وت "لەباربردنی منداڵ بەپێی شەرعو یاسا قەدەغەیەو رێگا بەژن نادرێت، تەنیا لەحاڵەتێکدا رێگە پێدەدەین ئەگەر بزانین منداڵەکە (تەشویهی خەڵقی) ھەیە، واتە چەند ئەندامێکی منداڵەکە کێشەی گەورەیان ھەیە، ئەگەر لەدایک بێت دواجار ھەر دەمرێتو لەژیاندا نامێنێت، ئەوکاتە بەپێی ڕاپۆرتێکی پزیشکی منداڵەکە لەبار دەبرێت، لیژنەمان ھەیە حەفتانە لەسەر ئەم بابەتانە کۆدەبنەوەو بڕیار لەسەر ئەو حاڵەتانە دەدەن".
سەرباری ئەوەی لەباربردنی منداڵ قەدەغەکراوە بەپێی یاسا، بەشی زۆری بۆچونەکان لەو بڕوایەدان، ئەگەر ھۆکارێکی زۆر باوەڕپێھێنەر ھەبێت، دەبێت لەماوەی ٤٠ رۆژی یەکەمی دووگیانیدا لەباربردنەکە بکرێت و دواتر دەبێتە کوشتنی بەئەنقەست، بەو پێیەی کۆرپەلە رۆحی بە بەردا دەچێت، زۆربەی هەرە زۆری ئەو ژنانەی دەیانەوێت منداڵ لەبار خۆیان ببەن، زیاتر لەبەر ھەژارییەو ناتوانن بەخێوی بکەن، بەشێکی تریش ئەوانەن کە رووبەرووی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە.
دکتۆرە جەنان نوری، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەبواری ژنانو منداڵبوونو ئەندامی پزیشکانی دھۆک، بەئاوێنەی وت "ئێمە لیژنەیەکی پزیشکیین حەفتانە کۆبوونەوەمان ھەیە لەسەر ئەو حاڵەتانەی کە پێویستە لەبار ببرێن، ئەگەر ھاتوو منداڵەکەی سەری پێوە نەبێت یاخود گورچیلەی نەبێت یان چەند ئەندامێکی تری ھەستیار، ھەروەھا ئەگەر بزانین دۆخی ژنەکە لەڕووی تەندروستییەوە خراپە، ئەگەر دووگیانیەکەی تەواو بکات ڕەنگە دایکەکە بمرێت، ئەوکات منداڵەکە لەباردەبەین. جگە لەم دوو حاڵەتە رێگە بەھیچ حالەتێکی تر نادەین، حەفتانە ٤ بۆ ٥ حاڵەتمان ھەیەو منداڵەکە بەپێی بڕیاری لیژنەکە لەبار دەبەین".
وتیشی "لەکلینیکی خۆم ژنان داوا لەمن دەکەن منداڵەکەیان لەبار ببەم، ئەوانەی ئەم داوایە دەکەن زیاتر دەڵێن دۆخی داراییمان خراپەو ناتوانین بەخێوی بکەین، یان دەڵێن حەزم نەدەکرد دووگیان بم، بەڵام وای لێھات، بەڵام قبوڵ ناکەین چونکە بەپێی شەرعو یاسا قەدەغەیە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.