ئەو کەسانەی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن لەکوردستان زیاتر ڕەگەزی نێرن، ٨٠٪یان تەمەنیان لەنێوان ١٨-٣٥ ساڵیدایە
ئا: شەنگە دارا
بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەگەورەترین مەترسی دادەنرێت لەسەر گەنجانی هەرێمی کوردستان، ئەفسەر لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لەئاسایشی هەولێر دەڵێت ""بەربڵاوترین جۆری ماددەی هۆشبەر لەهەرێم جۆری کریستاڵە"
رۆژی ١٠ حەپی کریستالم دەخوارد!
"لهیهكهم حهبهوه، بووم بهحهب خۆر".
ئەمە وتەی شێرزادە (ناوێکی خوازراوە)، کە كوڕێكی باڵابهرزی باریكهڵهی تهمهن ٢٩ ساڵهو تا پۆلی سێیهمی ناوهندیی خوێندوهلەسۆران، پاشان وازی لەخوێندن هێناوهو خهریكی كاری ئاسنگەری بووە، بۆ ماوهیهك روو دهكاته ئێرانو چهند مانگێک لەوێ کاری کردووە، سهرهتای تووشبوونی بهحهب خواردن دهگهڕێنێتهوه بۆ ئێران، ئەو بەئاوێنەی وت "رۆژێك لهئیشهكهم زۆر ماندوو بوومو كاری زۆرم كرد كه هاتمهوه شوێنی نیشتهجێبونم، سهرم زۆر دهئێشا، یهكێك لههاوڕێكانم حهبێكی دامێ بۆ ئهوهی ئازارهكهم نههێڵێت ئیتر ههر ئهو حهبه بوو راهاتم لهسهری".
بهپێی تێپهڕینی كات ناوبراو فێری ئهو حهبه دهبێت، ئەو وتی "ورده ورده ژمارهی ئهو دهنكه حهبانهی دهمخوارد زیادی كرد تا گهیشته ١٠ حهب له رۆژێكدا".
بهردهوام بوونو ئالودهبوون بهو جۆره حهبه، وای له شێرزاد كردووه كه چیتر نهتوانێت كار بكاتو به تهواوهتی هێزی لهبهر بڕیوه، ههركاتێك ئهو حهبه نهخوات، لیك بهدهمیدا دێته خوارهوهو ههموو گیانی دهكهوێته لهرزین، لهئێستادا ئهو گهنجه لهگهڵ دایكو باوكیدا له بێكارو كاسبی ژیان بهسهر دهبات.
شێرزاد، یەکێکە لەهەزاران گەنجی کوردستان کە لەم ساڵانەی دوایددا ئالودە بوون لەسەر بەکارهینانی مادەدە هۆشبەرەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لەخێزانەکان دەکەن ئاگاداری منداڵەکانیان بن، چونکە زۆربەی ئەوانەی ئالودەی مادەی هۆشبەر دەبن لەڕێگەی هاوڕێکانیانەوە تووش دەبن.
٤٪ی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵەوەیە
نەقیب ئەرکان عومەر، ئەفسەر لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش – هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لەکوردستان بەکاردێتو باند لەسەری دەستگیر دەکرێت جۆری کریستاڵەو بەربڵاوترینیانە، ئەو بەئاوێنەی وت "حەبی کەپتاگۆن زیاتر وەکو ترانزێت بەهەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێتهو بەکارهێنەری نیە لەهەرێم، ئەو کەسانەی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن لەکوردستان زیاتر ڕەگەزی نێرن، ٨٠٪یان تەمەنیان لەنێوان ١٨-٣٥ ساڵیدایە، ٦٪یان تەمەنیان لەسەروو ٣٥ ساڵیدایە، ٤٪ ئەوانەن تەمەنیان لەخوارو ١٨ ساڵییەوەیە، ١٠٪ ئافرەتانن لەتێکڕای تەمەنەکان".
وتیشی "لەهەموو پارێزگاکانی کوردستان هەوڵدراوە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکرێن تاکو بتوانرێت سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر وشک بکرێتو نەهێڵدرێت، ڕێژەی بڵاوبونەوەو بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەسەرتاسەری جیهان لەهەڵکشاندایە، بەڵام ئێمە کارمان لەسەر ئەوە کردوە ئەم ڕێژەیە ڕابگرینو نەهێڵین زیاتر تەشەنە بکات، ئێمە توانیومانە هەماهەنگیەکی باشمان هەبێت لەگەڵ فڕۆکەخانەو دەروازە سنوریەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم بابەتە".
نەقیب ئەرکان داوا لەخێزانەکان دەکات کە زۆر ئاگاداری منداڵەکانیان بن، بۆکوێ دەچنو پارە لەچیدا سەرف دەکەنوهاوڕێیەتی لەگەڵ کێ دەکەن، ئەو وتی "٩٠٪ی ئەوانەی تووشی ئالودە بوون دەبن لەڕێگەی هاوڕێکانیانەوە تووش دەبن".
وتیشی "هیچ سەرچاوەیەکی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر لەهەرێم بوونی نیە، لەئێستادا هیچ کارگەیەکو کێڵگەیەک لەکوردستان بوونی نیە بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر، ئەوەی هەبووە ساڵانی ڕابردوو دەستی بەسەردا گیراوەو ئەوانەی ئیشیان تیا کردووە دەستگیر کراونو ڕەوانەی دادگا کراون".
نەقیب ئەرکان ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا هیچ سەنتەرێک نیە لەهەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر، بەڵام لەئێستادا بەردی بناغەی سەنتەرێک دانراوە لەپارێزگای هەولێر لەماوەی ١٨ مانگدا تەواو دەکرێتو لەم سەنتەرەدا ئاڵودەبوان چارەسەر دەکرێن تا لەشیان پاک دەبێتەوە لە ماددەی هۆشبەر، ئەو وتی "ئێمە لیژنەمان هەیە سەردانی کافتریاکان دەکەینو پشکنین بۆ خاوەنی کافتریاو کارمەندەکانو ئەو کەسانەی گومانیان لێدەکرێت پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت، هەروەها بەڵێننامە بەدەرمانخانەکان پڕ کراوەتەوە کە بەبێ ڕەچەتەی دکتۆر دەرمانی پزیشکی هۆشبەر نەدەن بەنەخۆش، هەروەها وتیشی دوای ئازادکردنی تاوانباران ئێمە ڕێنماییان پێدەدەین کە چۆن خۆیان بپارێزنو دوور بن لە ماددەی هۆشبەرو سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن بۆئەوەی دەرمان وەرگرنو لەشیان پاک ببێتەوەو زاڵ بن بەسەر خۆیاندا".
وتیشی "کۆمەڵگەو خێزانیش دەبێ زۆر هاوکاریان بن، حاڵەت هەبوە دوای ئازادکردنی دوبارە دەستی بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کردۆتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری تاکەکە خۆی".
توێژینەوەکان سەبارەت بەئالوودەبوون بەماددەی هۆشبەر ئاماژە بەچەندین هۆکاری جیاواز دەدەن، وەک خراپی باری دارایی کەسەکان، شڵەژانی دەروونیو کۆمەڵایەتی دەکەن.
کوردو عەرەبو ئێرانیو بیانیش دەستگیرکراون
مقەدەم ئەردەلان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن کوردو ئێرانیو بیانیو عەرەبی ناوچەکانی خوارووی عێراقی تێدایە، ئەو وتی "هەندێک حاڵەت هەیە ئەو کەسانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن پەنا دەبەنە بەر دزی کردن، چونکە ئەو کەسەی کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت، ئەگەری زۆرە بۆ ئەوەی هەموو تاوانێک ئەنجام بدات".
وتیشی "ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن دەدرێنە دادگاو کەیسەکانیان بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، جێگەی دەست خۆشیە خەڵک زۆر هاوکارمانە بۆ بابەتی ماددەی هۆشبەر".
بەپێی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٠یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەرو کارتێکەرە عەقڵیەکان لەهەرێمی کوردستان، سزادانی ئەو کەسانە بقورستر بووە کە بازرگانی دەکەن یاخود بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن، وەکو لەسێدارەدان، سزای زیندانکردنی هەتا هەتایی، غەرامەکردن بەبڕێک پارەی زۆر.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.