وەزیرى دەرەوەى تورکیا ژمارەیەكی سەرنجڕاكێش لەبوونی هێزی نزیك لەوڵاتەكەی لەسوریا ئاشكرادەكات و دەڵێ ؛ زیاتر لە 80 هەزار چەکدار لە چوارچێوەی ژمارەیەک گرووپی نزیک لە تورکیا لە سووریا هەن.
ئاوێنە: شەوی رابردوو لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵى شەرقی سعودی، هاكان فیدان هیوایخواستووە گرووپەکانی باشووری سووریاش لە سوەیدا و دەرعا بچنە ناو سوپای سووریاوە. دەشڵێت، "ئێمە پێمانگوتن بچنە ناو سوپای نیشتمانیی سووریاوە و ببنە بەشێک لە سوپاکە و رێگەمەدەن شپرزەیی لە وڵاتدا دروستببێت."
ئاماژەی بەوەکرد، ئیدارەی نوێی سووریا هاوشێوەی گرووپەکانی دیکە بانگەوازی بۆ (یەپەگە) کردووە تاوەکو چەکدابنێت، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە دەستبەرداری چەکەکانیان ببن، ئەمە بەگوتەی فیدان "مایەی قبوڵکردن نییە و گرفتە بۆ سووریا."
وتیشی، "ئێستا پێویستمان بە هاوکێشەیەکە کە دەستەبەری مانەوەی بەندکراوانی داعش لە گرتووخانەکان بکات، وابکات (یەپەگە) دەستبەرداری کردەوە تیرۆریستییەکان ببێت و مافی کوردان بپارێزێت".
بە بۆچوونى هاکان فیدان، ئەو هاوکێشەیە کاتێک دێتە دی کە یەپەگە چەکدابنێت و کەمپ و گرتووخانەکان رادەستی ئیدارەی نوێی سووریا بکات.
لەماوەی مانگ و نیوو رابردودا كە ڕژێمی ئەسەد روخاوە ئەمە یەکەمجارە بەرپرسانى تورکیا ژمارەى چەکدارە سوورییەکانى نزیک لە خۆیان ئاشکرابکەن کە لە چوارچێوەى سوپاى ئازادى سووریادا رێکخراون و لە هێرشەکانى سەر عەفرین و سەرێکانى و گرێ سپى بەشداربوون و ئێستاش لە بەنداوى تشرین لە دژى هێزەکانى سووریاى دیموکرات لە شەڕدان.