میلیشیاکانی سەربە حکومەتی نوێی سوریا لەماوەی سێ رۆژدا ٤٠ کەس لەسێدارە دەدەن
  2025-01-28       545       

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، میلیشیاکانی سەربە حکومەتی نوێی سوریا لەماوەی سێ ڕۆژدا ٤٠ کەسیان بەبێ دادگاییکردن لەسێدارەداوە و زۆربەی ئەوانەش لەسێدارە دراون، ئەفسەری سوپای سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بوون.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی سانا کە ئاژانسی فەرمی سوریایە و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێدا کاردەکات بڵاویکردەوە "بەرپرسانی حکومەت ڕۆژی هەینی ئەندامانی گروپێکی تاوانکاری کە خۆیان وەک ئەفسەری ئەمنی ناساندووە، بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و پێشێلکردنی مافی خەڵک لە پارێزگای حومس، دەستگیر کردووە".

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەو دەستگیرکردنەکانە دوای پێشێلکارییە گەورەکانی یاسا و لە سێدارەدانی لانیکەم ٤٠ کەس لەماوەی سێ ڕۆژدا بە بێ دادگاییکردن بووە".

لەهەمان کاتدا حکومەتی نوێی سوریا بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو ڕایگەیاند چەند کەسێکی لە پارێزگای حومس کە دەکەوێتە رۆژئاوای ئەو وڵاتەوە، بەتۆمەتی "پێشێلکردنی یاساکان" دەستگیرکردووە.

ڕێکخراوەکە وتیشی "کەمایەتییە ئایینییەکانیش لەم ڕووداوەدا ئازار دراون و هەراسان کراون".

هەر بەپێی روانگەکە، زۆربەی ئەوانەی لەسێدارەدراون ئەفسەرانی عەلەوی سوپای سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد بوون کە خۆیان ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سوریا کردبوو.

بەیاننامەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم گروپە چەکدارە ناوخۆییانەی سەربە حکومەتی نوێی سوریا "هەروەها کردەوەی تۆڵەسەندنەوەیان لە کەمینەی عەلەوییەکان ئەنجامداوە کە هەندێک وەک بنکەیەکی پشتیوانی ڕژێمی بەشار ئەسەد چاویان لێدەکەن".

ناوبراو هێماشی بۆ ئەوە ئەوەکردووە، پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەی حومس، لەوانە "دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی ئارەزوومەندانە و نایاسایی، هەراسانکردنی دڕندانە، هێرشکردنە سەر شوێن و دامەزراوە ئاینییەکان، پارچەپارچەکردنی جەستە و لەسێدارەدانی هەڕەمەکی و دڕندانەی خەڵکی مەدەنی"، هاوکات "کۆی ئەم حاڵەتانە پیشاندەری ئاستێکی بێ وێنەی توندوتیژی و دڕندەییە".

حکومەتی نوێی سوریا لەوەتەی دەسەڵاتی گرتوەتە دەست، هەوڵی داوە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان دڵنیا بکاتەوە کە ماف و ئاسایشی ئەوان دەپارێزێت. بەڵام کەمایەتییەکان چەندین جارە نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوە و هێرشی چەکدارانی سەربە حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە.
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×