هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییە لە سوریا، دەرفەتێكن بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان ئەنقەرەو تاران.
ئاوێنە: هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "شەرق نیوز"، وتی، لە سۆنگەی گۆڕانكارییەكان لەسوریا، ئێران چیتر بەشیك نییە لە فەزایەك كە كێشە بۆ توركیا دروست بكات، بونی ئێران لە سوریا بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بۆتەوەو لە ئەنجامدا، سوریا لە بابەتێكی جێی ناكۆكی نێوان ئێران و توركیاوە بۆتە دەفەتێك بۆ هاوكاریی هاوبەشی نێوان هەردو وڵات.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە هەر پەیوەندییەكدا، كەمبونەوەی ئەو بابەتانەی كە جێی ناكۆكین، دەبێتە مایەی زیادبونی زەمینە ئەرێنییەكان. ئێستا كە ئەو ناكۆكییانە كەمبونەتەوە، دۆخەكە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان توركیاو ئێران، لەبارە.
وەزیری دەرەوەی توركیا بە هێماكردن بۆ گۆڕانكارییەكانی سوریا وەك دەرفەتێك بۆ دوبارە پێناسەكردنەوەی سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكە، وتی، ئەم گۆڕانكارییانە بۆ ئێران دەكرێت دەرفەتێك بن تا بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ دراوسێكانی و سیاسەتی دەرەوەیدا بچێتەوە.
وتیشی، من پێموایە بەرپرسانی ئێرانیش لەم دەرفەتە تێگەیشتون و خواستی ئەوەیان هەیە كە سود لەم گۆڕانكارییانە وەربگرن بۆ رێكخستنەوەی سیاسەتەكانی خۆیان لە ناوچەكە.