سەرکردەیەکی باڵای سوننە ڕایدەگەیەنێت، پشتگیری یاسای لێبوردنی گشتی دەکەن لە عێراقدا، بەڵام پێی وایە ئەوە بەس نییە بۆ ئازادبونی هەزاران سوننەی "غەدرلێکراو" و لە پاڵ یاساکەدا داوای پێداچونەوە بە دۆسیەی زیندانییە سوننەکاندا دەکەن. دەشڵێت، "پرسی داعش ئیستیغلال کرا بۆ دەستگیرکردنی هەزاران سوننەی بێ تاوان لەسەر خاک و ئاوی خۆیان."
ئاوێنە: ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سوننە لە کەرکوک لەبارەی پەسەندكردنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سوننەکان دڵخۆشن بە یاساکە، بەڵام داوای لێکۆڵینەوەش دەکەین، چونکە بە یاساکە هەمویان دەرناچن لە زیندان و پێویستە دوبارە لێکۆڵینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت، ئێمە ئیعترازمان هەیە لەسەر دەسەڵاتی دادوەری، زۆربەی گیراوان مەزڵومن، ئێمە دەزانین زۆربەی دەستگیرکراوان بە تاوانی سونی بون و جاسوسی دەستگیرکراون، لە ماوەی داعشدا ئیستیغلالی ئەو دۆخە کراو سونەیەکی زۆر دەستگیرکرا بە تاوانی داعش بون لەسەر خاک و زەوی خۆیان بەڵام کران بە داعش، ئەمانە ژمارەیان زۆرە و زۆرینەیان مەزڵومن، دڵنیاین یاساکە باشە بۆ ئەو غەدرلێکراوانە."
وتیشی،"ئێمە پشتگیری تاوانباران ناکەین، بەڵام داکۆکی لە مافی غەدر لێکراوەکان دەکەین، زوڵمێکی گەورەیە لێیان دەکرێت، لە ناو زیندانەکانی عێراق زۆربەیان مەزڵومن، دادگای لێکۆڵینەوە و دادوەر و لێکۆڵەرەکان فشاریان لێکردون لە کاتی لێکۆڵینەوەدا و ستەمیان لە دەستگیرکراوەکان کردوە، ئێستا ئەگەر لێکۆڵینەوە دوبارە بکرێتەوە زۆربەی ئەوانەی تاوانبارن بێ تاوان دەردەچن، با تیرۆرست و تاوانبارەکان دەرنەکرێن ئێمە لەگەڵیاندا نین و پشتیوانیان ناکەین، بە پێچەوانەوە با سزای یاسایی خۆیان وەرگرن، ئێمە داوای دادپەروەری و سەروەری یاسا دەکەین لە عێراق."
لەلایەی خۆیشییەوە، عەقیل فەتلاوی وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەوبارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە لەگەڵ بڕیاری لێبوردنی گشتین و کێشەمان نییە لەگەڵیدا، چونکە پێشتر ڕێککەوتنمان کردوە لەگەڵ لایەنەکانی تردا لەسەری."
وتیشی،"بەڵام وەک شیعە لەگەڵ میکانیزمی دەنگدانی یاساکەدا نین و ئەم میکانیزمە مخالەفەی یاسایە."