فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان مەترسیدار دەبێت، پێشبینیش دەكات هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بمێننەوە.
ئاوێنە: فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆیەك لە كۆڕبەندی ئابوریی داڤۆس، وتی، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا، ئەوە هەنگاوێکی مەترسیدار دەبێت.
وتیشی، ئەو كارە دەبێتە مایەی ئەوەی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبون بۆ عێراقیش دروست بكات.
فواد حسێن لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، وتی، پێموابێت و ئەوە بڕوای من كە ئەوان لە عێراق دەبن.
ئاماژەی بەوەشدا، تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەراورد بە خولی یەکەمی ئیدارەی ترەمپ جیاوازە، ئێستا ئێمە روبەڕوی ئاڵەنگاریی جیاواز بوینەتەوە و هەست دەکەم ئەوان، واتە ئەمریكییەكان، لەم ناوچەیە دەمێننەوە.