هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، لە نێوان حزبەكەی و یەكێتی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە، بەرەوپێشچونی زۆر باش هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
ئاوێنە: هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای حزبەكەی لەبارەی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، وتی"لە روی سیاسی و تەکنیکی، لە نێوان پارتی و یەکێتی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە بەرەوپێشچونی زۆرباش هەیە."
هۆشیار زێباری، کە هاوکات سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری پارتییە بۆ پێکهێنانی حکومەت، وتیشی"پرۆسەکە پێویستی بە کاتە، بۆ لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی تەواو لە نێوان هەمو لایەنەکان، تاوەکو ئێستا هەمو شتێک زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."
هۆشیاری زێباری ئەوەشی خستەڕو "سێ جار کۆبونەوەی وەفدی تەکنیکی لە نێوان پارتی و یەكێتی، زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کراوە."
سەبارەت بە کۆبونەوەی داهاتوی وەفدی تەکنیکی پارتی و یەکێتی، هۆشیار زێباری وتی: "کۆبونەوە تەکنیکییەكان لە رۆژانی داهاتودا بەردەوام دەبن."