وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، وەفدی حكومەتی هەرێم و وەفدی حكومەتی عێراق لە بەغدا، لە كەشێكی ئەرێنیدا گفتوگۆیان كردوەو رێك كەوتون لە كۆبونەوەی هاوبەشی نێوانیاندا رۆژی یەكشەممەی داهاتو بڕیار لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ لە بەغدا، بەسەرۆكایەتی فواد حسێن، سەرۆکی ئەنجومەنی ئابوریی عێراق، كۆبونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان وەفدی هەرێم و وەفدی حكومەتی عێراق بەڕێوەچوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، "لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کراو و هەردولا هاوڕابون کە هەمو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا."
وتوشیەتی"هاوکات داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ساڵی ڕابردو نەنێردراون بە داتاو بەڵگەی فەرمی خرایەڕو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا."
وەزارەتی دارایی هەرێم وتوشیەتی"هەردولا ڕێكکەوتن کۆبونەوەکان بەردەوام بن و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتو کۆبونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت کە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت."
ئەوەشی وتوە"هەر لەکۆبونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لە سبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردولا بۆ ساڵی 2025."
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەداوە كە هەر ئەمڕۆ وەفدی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبونەوەی هاوبەشی هەردو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ ئامادەبوان خرایەڕو، هەردولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بەهاوبەشی داکۆکی لەماف و شایستەکانی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بکرێت.