هەسەدە ئەو زانیارییانەی راگەیاندنەكانی سەربە گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی توركیا رەتدەكاتەوە كە گوایە لە دێرەزۆر شەڕ لەنێوان هێزەكانی هەسەدەو هێزەكانی دەستەی تەحریری شامدا رویدابێت.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئەمشەو دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە هەندێك لە راگەیاندنەكانی سەربە گروپە بەكرێگیراوەكانی توركیا، هەوڵ و زانیاریی درۆیان بڵاوكردۆتەوە كە گوایە لە دێرەزۆر شەڕ لەنێوان هێزەكانمان و هێزەكانی ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان "دەستەی تەحریری شام" رویداوە.
هەسەدە جەختی كردۆتەوە كە ئەو هەواڵە درۆن و هیچ راستییەكیان تێدا نییە، لەسەرەتای گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی سوریاوە، كەناڵەكانی پەیوەندیمان لەگەڵ دیمەشق پاراستون و هاوكات لەگەڵ بەردەوامی گفتوگۆ ئەرێنییەكان، سەركەوتوبوین لە جێگیركردنی ئارامی لە سەرجەم ناوچەكاندا.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا هەسەدە وتویەتی، چەند گروپێكی بەكرێگیراو لە پاشماوەكانی رژێمی بەعس و "بەرگریی نیشتمانی"، ئەمڕۆ هەوڵیانی دروستكردنی پشێوی و گرتنی رێگەكانیان داوە لە هەندێك ناوچەی دێرەزۆر، هێزەكانمان روبەڕویان بونەوەو ئاسایش بۆ ناوچەكە گەڕێندرایەوەو كاركردنیش لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش بەردەوامە لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرجەم ناوچەكانی دێرەزۆر.