بەپێی راپرسییەک کە لەتورکیا لەنێو دەنگدەرانی پارتە سەرەکیەکاندا ئەنجامدراوە، زۆربەی دەنگدەرانی مەهەپەو ئاکەپەو جەهەپە هیچ پشتیوانییەک لەپرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردو بانگەوازی باخچەلی بۆ ئۆجەلان ناکەن.
ئاوێنە: بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی میترۆپۆڵ، ئۆزەر سێنکار، لەهەژماری تایبەتی خۆی لەسۆشیال میدیا، ئەنجامی ڕاپرسییەکی سەبارەت بەبانگەوازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردو ئۆجەلان بڵاوکردەوە.
لە ڕاپرسییەکەدا پرسیار لەبەشداربووان کراوە "راتان چییە لەسەر بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ ئۆجەلان کە بچێتە پەرلەمانو پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە؟".
لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا، زۆربەی هەرە زۆری دەنگدەرانی مەهەپە هیچ پشتیوانییەکیان لەبانگەوازەکە نەکردووە، لەسەدا ٢١.٩ی سەرجەم بەشداربووان وتوویانە 'پشتیوانی دەکەن"، لەبەرامبەردا لەسەدا ٧١.٩ی بەشداربووان وتویانە "هەڵەیەو پشتیوانی ناکەن". ئەوانەی وتویانە "هیچ وەڵامێکمان نییە" لەسەدا ٦.٢ بووە.
لەسەدا ٢٦.٤ی دەنگدەرانی ئاکەپە وتوویانە 'پشتیوانی لێدەکەن"، لەبەرامبەردا لەسەدا ٦٥.٣ی دەنگدەرانی ئاکەپە وتوویانە "هەڵەیەو پشتیوانی ناکەین".
لە کاتێکدا لەسەدا ٨٨.٥ی دەنگدەرانی جەهەپە وتویانە "هەڵەیەو پشتیوانی ناکەین"، لەسەدا ٧ی دەنگدەرانی جەهەپەش وتویانە "پشتیوانی لێدەکەین".
لەسەدا ٨٢.٩ی دەنگدەرانی پارتی ئییە وتویانە "هەڵەیەو پشتیوانی ناکەن"، لەسەدا ١٥.٣یان وتویانە "پشتیوانی لێدەکەن".
لەبەرامبەردا گەورەترین پشتیوانی بۆ ئەو بانگەوازە لەلایەن دەنگدەرانی دەم پارتییەوە بووە، لەسەدا ٥٢.٣ی دەنگدەرانی دەم پارتی ڕایانگەیاندووە "بانگەوازێکی راستەو پشتیوانی لێدەکەن"، لەسەدا ٣٤.٢ وتویانە "هەڵەیەو پشتیوانی ناکەن".