ئەلمۆنیتۆر: مەزڵوم عەبدی سەردانی مەسعود بارزانی دەكات
  2025-01-15       292       

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر بڵاویكردەوە، بەم نزیكانە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كۆدەبێتەوە.

ئاوێنە: ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاویكردۆتەوە، چاوەڕوان دەكرێت مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، سەردانی هەولێر بكات و لە بارەگای بارزانی لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كۆببێتەوە.

سەرچاوەكان باسیان لە وادەی سەردانەكە نەكردوە، بەڵام یەكێكیان وتویەتی "بەم نزیكانە" دەبێت.

سێ سەرچاوەكە بە ئەلمۆنیتۆریان وتوە، مەسعود بارزانی لە رێگەی حەمید دەربەندی، نوێنەری خۆیەوە كە دوشەممەی رابردو لە رۆژاڤا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی كۆبوەوە، بانگهێشتی فەرماندەی گشتی هەسەدەی كردوە بۆ سەردانی هەولێر.

سەرچاوەكان هێمایان بۆ ئەوەش كردوە كە سەردانەكەی مەزڵوم عەبدی بۆ لای مەسعود بارزانی لە چوارچێوەی زنجیرەیەك كۆبونەوەی فەرماندەی گشتی هەسەدەدا دەبێت كە بە نیازە لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە دیارەكانی كورد ئەنجامیان بدات.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بەوەداوە كە كۆبونەوەی مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی، "بەرەوپێشچونێكی گەورە" دەبێت لە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان پارتی و هەسەدە وەك بەشێك لە هەوڵە فراوانترەكانی ئەو وڵاتە بۆ ئاشتەوایی نێوان توركیاو هەسەدە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بارەگای بارزانی رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە سەڵاحەدین پێشوازی كردوە لە ڤیكتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو لە كۆبونەوەی نێوانیاندا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و سوریا ئاڵوگۆڕ کرا.

بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، "دەستخۆشی" لە مەسعود بارزانی كردوە بۆ ناردنی نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ سوریا و دیدار لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی سوریا و جەختیشی كردۆتەوە كە ئەمەریکا پشتگیریی هەمو هەوڵێک دەکات کە ببێتە هۆی لەیەکنزیکبونەوەی لایەنە کوردییەکان و هەروەها بەدیهاتنی سەقامگیری لە سوریا و ناوچەکە.

رۆژی دوشەممەی ئەم هەفتەیە، لە رۆژاڤا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و حەمید بەندەری، نوێنەری مەسعود بارزانی كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی هەسەدە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردی و ناوچەكەیان كردوە.

كۆبونەوەكە بەشێوەیەكی داخراو بەڕێوەچوەو بەپێی راگەیەندراوەكەی هەسەدە حەمید بەندەری نامەیەكی پشتیوانیی مەسعود بارزانی گەیاندۆتە مەزڵوم عەبدی كە تێیدا جەختی لە گرنگی یەكخستنی ریزەكانی كورد و بەهێزكردنی هەماهەنگی هاوبەش بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەكانی ئێستای سوریا كردۆتەوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەی هەسەدەدا هاتوە، لای خۆیەوە، مەزڵوم عەبدی سوپاسی نامەكە و پشتیوانیی مەسعود بارزانی كردوەو جەختیشی لەوە كردۆتەوە كە قۆناغی ئێستا پێویستی بە یەكخستنی هەوڵەكانی سەرجەم لایەنە كوردییەكانە لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×