درۆنی توركیا، لە گوندێكی ماوەت، دوای جوتیارێك دەكەوێت و دو جار بە ئامانجی دەگرێت
  2025-01-15       3055       
وێنەی جوتیارەكە و پاشماوەی بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی تورکیا بۆسەر ئۆتۆمبێلەكەی

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPTی ئەمریكی رایگەیاند، رۆژی 7ی ئەم مانگە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت، بەدوای جوتیارێک دەکەوێت و دو جار بەئامانجی دەگرێت.

ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPTی ئەمریكی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە نوسینێكدا چیرۆكی كردنە ئامانجی ئەو جوتیارەی لەلایەن درۆنی توركییەوە، لە باخەكەی خۆیدا، خستەڕو.

كامەران عوسمان باسی لەوە كردوە كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانە توركییەكە، دو جار ئەو جوتیارەی كردۆتە ئامانج، جاری یەكەم چەند چركەیەك دوای ئەوەی جوتیارەكە لە ئۆتۆمبێلەكەی دێتەدەرەوەی رادەكات، فڕۆكەكە بۆمبێكی ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلەكەی كردوەو شوێنی دانیشتنی شۆفێری لە ئۆتۆمبێلەكەیدا پێكاوە.

وتوشیەتی، جوتیارەكە بە زیرەكی خۆی توانیویەتی خۆی حەشاربدات و دوای زیاتر لە دو سەعات، كاتێك دەنگی فڕۆکەکە نەماوە توانیویەتی خۆی بگەیەنێتەوە گوندەكەیان و هەواڵی سەلامەتی خۆی بدات بە خەڵکی گوندی گەڵاڵە کە پێیان وابو حوسێن پێکراوە و گیانی لەدەستداوە.

ئەو ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPTی ئەمریكی جەختی كردۆتەوە كە "سوپای تورکیا، بەمەبەستی چۆڵکردنی گوندەکان و ئاوارەبونی گوندنشینان، بە بەردەوامی جوتیار، ئاژەڵدار و هاوڵاتییانی سەر سنور بە ئامانجدەگرێت."

دەقی نوسینەكەی كامەران عوسمان:

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت، بەدوای جوتیارێک دەکەوێت و دوو جار بەئامانجیدەگرێت!

حوسێن ئەحمەد عەبدوڵڵای تەمەن 50 ساڵ، خەڵکی گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شینکایەتییە لە قەزای ماوەت. حوسێن لە سلێمانی دەژیت و بۆ کاری باخەوانی و جوتیاری جار جار سەردانی گوندەکەی دەکات و هەوڵی بەدەستهێنانی نان و دابینکردنی بژێوی ژیانی دەدات.

لە ڕۆژی 7ی ئەم مانگەدا، حوسێن بۆ کاری جوتیاری، بە ئۆتۆمبێلەکەی کە لە جۆری نیسان-پیکاپ 2002ە، ڕودەکاتە دۆڵی شۆرە لە گوندی گەڵاڵەو دەستدەکات بە سماق بڕین. کات دەگاتە نزیک کاتژمێر 3:15  خولەکی دوانیوەڕۆ، حوسێن گوێی لەدەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبێت کە زۆر بە نزمی بەسەر باخەکەدا دەسوڕێتەوە. ئەمە وایلێدەکات کە بترسێت و بەزویی بچێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەی. کاتێک ئۆتۆمبێلەکە دادەگیرسێنێت، دەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نزیکتر دەبێتەوە. حوسێن بەخێرایی لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتە دەرەوە و ڕادەکات. هێشتا تەواو خۆی حەشار نەداوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بۆمبێک ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکە دەکات و شوێنی دانیشتنی شۆفێر لە ئۆتۆمبێلدا دەپێکێت. حوسێن دەیگوت، ئەگەر تەنیا 10 چرکە دواکەوتبام لە هاتنە دەرەوە لە ئۆتۆمبێلەکە، ئەوا بێگومان ئێستا نەمابوم و هەپرون بە هەپرون دەبوم. ئەو جوتیارە دڵنیا دەبێتەوە کە ئەم ئامانجە و کەسیش نیە بیپارێزێت تەنیا زیرەکی خۆی نەبێت لە خۆ حەشاردان و پەنابردنە بەر شوێنێکی سەلامەت.

حوسێن بە گاگۆڵکێ و خۆخلۆرکردنەوە، خۆی دەگەیەنێتە شیوێکی پێش گوند. لەوێدا خۆی گرمۆڵە دەکات بۆئەوەی نەکەوێتە بەر لێنزی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە و بە ئامانج نەگیرێت. لە خەیاڵی ئەوەدابو، کە ئەگەر بە ئامانجبگیرێت دەبێت دواتر دەوڵەتی تورکیا چ تۆمەتێکی بۆ دابتاشێت و بەچی تاوانباری بکات، لەو کاتەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەنزیک شوێنی حوسێن بۆردومانی دوەمی کرد. ئەمجارەش حوسێن بەرنەکەوت و وەکو خۆی دەڵێت ڕۆژی دوایی نەهات!. ئەمە وایلێدەکات کە لە شیوەکەدا زیاتر خۆی بشارێتەوە و تاوەکو دونیا بەتەواوی تاریک دەبێت نەیەتە دەرەوە.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بۆ ماوەی دو کاتژمێر بەسەر باخەکەدا دەسوڕێتەوە و چاوەڕێی دەرکەوتنەوەی حوسێن دەکات تاوەکو بەئامانجیبگرێت. دوای ئەوەی دەنگی فڕۆکەکە نامێنێت، حوسێن بە ڕاکردن و بێ ئاوڕدانەوە خۆی دەکات بە گونددا و هەواڵی سەلامەتی خۆی دەدات بە خەڵکی گوندی گەڵاڵە کە پێیان وابو حوسێن پێکراوە و گیانی لەدەستداوە.

سوپای تورکیا، بەمەبەستی چۆڵکردنی گوندەکان و ئاوارەبونی گوندنشینان، بە بەردەوامی جوتیار، ئاژەڵدار و هاوڵاتییانی سەر سنور بە ئامانجدەگرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×