"ئەم دۆخە هەستیارە لە میدیا دەخوازێت پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی تر"
  2025-01-15       177       

ژمارەیەك لە دەزگای میدیایی و رۆژنامەنوس بانگەوازێك ئاڕاستەی هاوپیشەكانیان لە باشوری كوردستان دەكەن كە لەو دۆخە هەستیارو ئاڵۆزەی ناوچەكەداو لە پەیوەست بە دۆخی كوردو رۆژئاوای كوردستانەوە، پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخەنە پێشەوەی پرسەکانی ترەوەو میدیاو میدیاكاران لەم دۆخەدا كار لەسەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هێزە سیاسییە كوردییەكان بكەنەوە.

ئاوێنە: لە بانگەوازەكەی ئەو دەزگا میدیایی و رۆژنامەنوسانەدا هاتوە، "گومانی تێدا نییە لەم هەلومەرجەدا ئەرکی سەرشانی دامودەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانە رۆڵێکی پۆزەتیڤانەی گرنگ ببینن و ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤ دۆستانەیان هەبێت. بە پێچەوانەشەوە گەر بەم ئاراستەیە کارنەکەن لەبری ئەوەی ببنە هۆکاری بەرەوپێشبردنی دۆزی نەتەوەکەمان، دەبنە هۆکاری دابەشبون و زیادکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان و نێو خودی کۆمەڵگای کوردیش. "

جەختیشیان كردۆتەوە كە "ئەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارە ئەوە لە میدیا دەخوازێت کە پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە. دەکرێت لەم هەلومەرجەدا ناکۆکییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و ناکۆکی لەسەر ئاستی یەک پارچە و بگرە جیاوازی و بەتابییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و کۆمەڵگاش بەرپرسانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە بچێتە سیاقی ئەو روداوانەوە کە ئەگەری پێشخستنی دۆزی کوردی بەهێز دەکات."

ئاماژەیان بەوەشداوە "لەم دۆخە هەستیارە نوێیەدا نابێت میدیا و میدیاکاران جەخت لەسەر فراوانکردنی کەلێن و بۆشاییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان بکەنەوە، بەڵکو کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان بکەن، تا ئەم قۆناغە هەستیارەی دۆزی نەتەوەکەمان بگوێزینەوە بۆ دۆخێکی ئارام و سەقامگیرتر."

هەروەها پێشیان وایە "ئەرکی سەرجەم میدیاکانی باشورە بە حزبی و نیمچە حزبی و سەربەخۆوە، بابەتیانە کاربکەن و پابەندبن بە ئێتێکی رۆژنامەوانییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆزی گەلەکەیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی لە رۆژئاواو ئەو مەترسییە نوێیانەی روبەروی دەبێتەوە."

دەقی بانگەوازەكە:

بانگەوازێک بۆ هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشوری کوردستان

وەک هەموان ئاگادارن لە دوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە، دۆخێکی هەستیارو ئاڵۆز لە ناوچەکەماندا هاتۆتە پێشەوە. ئەم دۆخە سیاسییە نوێیە و هەمو ئەو پێشهاتانەی دیکە کە دەشێت لە ئایندەدا روبدەن، بۆ کورد بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی بەرویەکدا مەترسین و، بە روەکەی دیشدا دەرفەت، تاکە رێگەیش بۆ مسۆگەرکردنی قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و پوچەڵکردنەوەی مەترسییەکان ئەوەیە بەرەی ناوخۆی کوردستان تەبا و سازو ئامادەبن بۆ مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەدا.

گومانی تێدا نییە لەم هەلومەرجەدا ئەرکی سەرشانی دامودەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانە رۆڵێکی پۆزەتیڤانەی گرنگ ببینن و ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤ دۆستانەیان هەبێت. بە پێچەوانەشەوە گەر بەم ئاراستەیە کارنەکەن لەبری ئەوەی ببنە هۆکاری بەرەوپێشبردنی دۆزی نەتەوەکەمان، دەبنە هۆکاری دابەشبون و زیادکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان و نێو خودی کۆمەڵگای کوردیش.

دیارە نکۆڵی ناکرێت لەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیش وەک هەمو کۆمەڵگەیەکی دیکەی مرۆڤایەتی، پڕە لە بەرژەوەندی و سیاسەتی جیاواز و ململانێی ناوخۆیی. لەگەڵ ئەوەیشدا، هیچ گومانێکمان نییە لەوەی چوارچێوەی فراوانی کوردبون و کوردستانی بون، دەشێت و دەبێت سەرباری جیاوازییەکانمان لە ژێر چەتری نیشتماندا کۆمان بکاتەوە. لەمەیشدا میدیاو میدیاکارن دەتوانن رۆڵی سەرەکی ببینن.

 ئەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارە ئەوە لە میدیا دەخوازێت کە پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە. دەکرێت لەم هەلومەرجەدا ناکۆکییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و ناکۆکی لەسەر ئاستی یەک پارچە و بگرە جیاوازی و بەتابییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و کۆمەڵگاش بەرپرسانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە بچێتە سیاقی ئەو روداوانەوە کە ئەگەری پێشخستنی دۆزی کوردی بەهێز دەکات.

 حزبەکان و کۆمەڵگا و میدیای کوردی لەهەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت ئەزمونی شەڕی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا لەبەرچاو بگرن کە میدیا پاڵپشتی پێشمەرگەی باشور و رۆژهەڵات و گەریلای لە بەرەکانی شەڕی دژی داعش دەکرد و بەرپرسانە لەگەڵ ئەو روداوانەدا روماڵی دەکرد. هاوکاتیش پشتگیریی شەڕی شەرڤانانی دەکرد لە کۆبانێ و ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستان. هەر لەم بوارەیشدا دەبێ زۆر وریای ئەوەبن کە بە روماڵەکانیان نەبنە ئامێری پروپاگەندەی دوژمنان و سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری سیاسیی بەرەی دژ بە خەڵکی کوردستان و هێزە تاریکپەرستەکان.

لەم دۆخە هەستیارە نوێیەدا نابێت میدیا و میدیاکاران جەخت لەسەر فراوانکردنی کەلێن و بۆشاییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان بکەنەوە، بەڵکو کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان بکەن، تا ئەم قۆناغە هەستیارەی دۆزی نەتەوەکەمان بگوێزینەوە بۆ دۆخێکی ئارام و سەقامگیرتر.

پێمان وایە ئەرکی سەرجەم میدیاکانی باشورە بە حزبی و نیمچە حزبی و سەربەخۆوە، بابەتیانە کاربکەن و پابەندبن بە ئێتێکی رۆژنامەوانییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆزی گەلەکەیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی لە رۆژئاواو ئەو مەترسییە نوێیانەی روبەروی دەبێتەوە. لێرەوە بانگهێشتی هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشوری کوردستان دەکەین، چ وەک تاکەکەس و چ وەک دەزگای میدیایی و هەر هاوڵاتییەکیش کە لە سۆسیال میدیا ئاکتیڤە، لەگەڵمان بن و پابەندی ناوەڕۆکی ئەم نامەیە بن کە ئاراستەی ئەوان و رای گشتی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی دەکرێت.

ناوی دەزگا و ناوی رۆژنامەنوس:

١- شوان محمەد . سەرنوسەری ماڵپەڕی سپی میدیا.

٢- د. کامل عمر بەرپرسی پەیوەندیەکان و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا.

٣- کەمال ڕەئوف ـ سەرنوسەری دەزگای میدیایی شارپرێس.

٤- هاوکار عزەت ـ سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕۆۆژنامەنوسان و نوسەرانی سەربەخۆ.

٥- د. جەعفەر عەلی ـ بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی شار.

٦- سلێمان عەبدوڵا یونس ـ سەرۆکی دەزگای میدیایی خەندان

٧- هەڤاڵ محەمەد ـ بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی خەندان.

٨- تارق فاتیح ـ سەرنوسەری دەزگای میدیایی هاوڵاتی.

٩ـ محەمەد مەحمود حمەسالح ـ بەرپرسی دەزگای میدیایی ئیرادە.

١٠ـ  هەردی عبدالله نجم ـ سەرنوسەری دەزگای میدیایی ئیرادە.

١١ - رەحمان غەریب ـ رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامونوسان.

١٢- دیاری محمد ـ بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ.

١٣- ئەحمەد میرە ـ سەرنوسەری گۆڤاری لڤین

١٤-ئاسۆس هەردی ـ بەڕێوەبەری گشتی ڕۆژنامەی ئاوێنە.

١٥ - سالار رەزا سەعید.. ڕۆژنامەنوس

١٦- ئاکۆ محەمەد مەحمود ـ ئەندامی بۆردی گشتی دەزگای میدیایی ستاندار، لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی.

١٧- هێمن مەحمود رەشید-بەڕێوەبەری کەناڵی زوم

١٨-عەبدولکەریم ئەحمەد ـ ڕۆژنامەنوس

١٩- ئاراس ئیبراهیم عبداللە ـ ڕۆژنامەنوس

٢٠- سنور کەریم ـ دەنگی ئەمریکا VOA

٢١-  رۆشن قاسم ـ ڕۆژنامەنوس

٢٢- ئەرکان محەمەد ـ سەرنوسەری ڕۆژنیوز

٢٣- داهێن هاشم ـ ڕۆژنامەنوس KNN

٢٤- شنە پیرۆت ڕۆژنامەنوس ـ  KNN

٢٥-  ئاوات عبداللە حسن ـ ڕۆژنامەنوس

٢٦-  ئازاد عوسمان، ڕادیۆی دەنگ

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×