ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای توركیاو میلیشیاكانی هاوپەیمانی بۆردومانی سەر بەنداوی تشرینیان لە رۆژاڤا كرد كە سەدان هاوڵاتی مەدەنی لەوێ كۆبونەتەوە بۆ پاراستنی بەنداوەكە لە هێرشەكانی توركیا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان بۆردومانەكە شەهیدو برینداری لێكەوتۆتەوە كە لەنێویشیاندا منداڵ هەن.
ئاوێنە: بەپێی میدیاكانی رۆژاڤا، بۆردومانەكە، بە چەكی قورسی میلیشیاكان و بە تۆپخانەكانی سوپای توركیا كراوە.
بەگوێرەی زاینارییە سەرەتاییەكان، بۆردومانەكە سێ شەهید و 7 برینداری لێكەوتۆتەوە كە دوانیان برینەكانیان سەختەو لەنێویشیاندا منداڵ هەن. لێرە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆكان.
ئەوەش خراوەتەڕو كە ژمارەی قوربانییەكان دەكرێت بەرزببێتەوەو هاوكات چەند ئەمبوڵانسێك گەیشتونەتە شوێنەكە و دەستیان بە گواستنەوەی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە كردوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ و بەر لەو بۆردومانە بۆ سەر بەنداوی تشرین، سوپای توركیا و میلیشیاكانی هاوپەیمانی، كاروانێكی هاوڵاتیانی كانتۆنی فوڕاتیان كردە ئامانج كە بەڕێوە بون بەرەو بەنداوی تشرین و لە ئاكامدا هاوڵاتیان شەهید بو و چواری دیكەش برینداربون.