وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم رایگەیاند، گرفتى سەدان خوێندکارى خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا چارەسەرکرا، کە وەک وانەبێژ فەرمانى دامەزراندنیان بۆ دەرچوە.
ئاوێنە: وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەسەر راسپاردەى ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران رەزامەندى دا لەسەر ئەوەى ئەو كەسانەی کە بە گرێبەست دامەزراون وەک وانەبێژ و لە ئێستادا قوتابى و خوێندکارى خوێندنى باڵان ماستەر یاخود دکتۆرا، مافیان پارێزراو دەبێت و لە خوێندن بەردەوام دەبن تاکو تەواوکردنى قۆناغى خوێندنەکەیان.
ئەوەش خراوەتەڕو، هەر لە فەرمانێكی وەزاری وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیدا هاتوە؛ دواى تەواوکردنى خوێندنەکەیان ڕێکارەکانى بە گرێبەستکردن و دەستبەکاربونیان بۆ ئەنجام دەدرێت بەو مەرجەى بەکردارەکى وانەبێژ بوبن و مەرجەکانى دامەزراندیان بە گرێبەست تێدابێت، واتە لە یەک کاتدا هەردو مافى (خوێندن) و (دامەزراندنیان) پارێزراو دەبێت.