ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سودانی ئاشکراکرا
  2025-01-13       168       

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/1/13 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ، كۆبووه‌وه‌.

ئاوێنە: ئاماژەی بەوەشکردووە، لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ لەسەر پەرەسەندن و پێشهاتە نوێیەکانی سه‌ر ئاستى عێراق و ناوچەکە کرا، هەروەها جه‌خت لە پێویستيی پشتگیريكردنی حکوومەتی فیدراڵ و سەرخستنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومی کرايه‌وه‌، بە شێوەیەک کە دەستەبەری بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتيیان لە سەرانسەری وڵات بکات.

دەشڵێت: له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار بە بەرژەوەنديی هاووڵاتییان کرا و باشترین ڕێگەکان بۆ ڕێکخستنی پابەندييه‌كانى نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حكوومه‌تى هەرێمى كوردستان، بەپێی بنەماکانی دەستوور و یاسا، تاوتوێ كران.

ئەوەش هاتووە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی هاوکاری و هەماهەنگيی هاوبەش لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و لابردنی سەختییەکان لە وڵات، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاته‌كانى گەلی عێراق بەدی بهێنێت و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەريی نیشتمانی بەهێز بکات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×