هاكان فیدان لە سعودیەوە: دەبێت هەسەدە خۆی هەڵوەشێنێتەوە
  2025-01-12       345       

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە ریازی پایتەختی سعودیەوە رایگەیاند، ئەگەر هەسەدە دەیەوێت بچێتە نێو حكومەتی سوریا، ئەوا دەبێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

ئاوێنە: هاكان فیدان، لە وتەیەكدا لە كۆبونەوەی وەزیری دەرەوەی چەند وڵاتێكی عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعودیە، وتی، ئامادەبونی ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لەم كۆبونەوەیەدا "خاڵێكی وەرچەرخان و ساتەوەختێكی مێژوییە."

وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی كردەوە كە وڵاتانی ناوچەكە بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان لە ئەستۆدایە لەوەی كە پێشهاتەكانی سوریا بەرەو "ئاڕاستەیەكی دروست" ببەن و وتیشی، هەوڵەكان دەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریا و سەروەیی ئەو وڵاتە بن.

بەگوێرەی قسەی هاكان فیدان، ئاماژەكانی گەڕانەوەی ژیان بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە سوریا، "رۆژ لەدوای رۆژ بەرچاوتر دەبن" و وتیشی"لەم قۆناغە هەستیارەدا وەك هێزێكی پارسەنگ كاربكەین لەنێوان چاوەڕوانییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو راسییانەی كە روبەڕوبەڕوی ئیدارەی نوێی سوریا دەبنەوە."

هاكان فیدان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پێشنیاری خستنەگەڕی چەند میكانیزمێك یاخود دروستكردنی چەند لیژنەیەكی هەماهەنگی كرد لەپێناو زیاتر كاراكردنی هەوڵەكان و وتی"دەبێت ئەو كەرتانەی ئەولەویەتیان هەیە لە سوریا دیاری بكرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتودا  لێخۆشبونی زیاتر لە سزاكانی سەر سوریا بیانگرێتەوە."

وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا وتی"ئەگەر هەسەدە راستگۆیە لە هەوڵەكانی بۆ چونە نێو حكومەتی ناوەندیی سوریا، ئەوا دەبێت هەڵوەشاندنەوەی خۆی رابگەیەنێت."

هەروەها وتیشی، دەتوانین پێكەوە كاربكەین بۆ بەهێزكردنی تواناكانی ئیدارەی نوێی سوریا تا بەشێوەیەكی كاریگەر روبەڕوی رێكخراوی داعش ببێتەوە.

هاكان فیدان وتیشی"ئێمە لە توركیا ئامادەین بۆ ئەوەی رۆڵ بگێڕین لە هاوكاریكردنی گەلی سوریا لەو رێگە سەختەی لەبەردەمیدایە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×