ئەمڕۆ پێنج رۆژە ئاگر لە شاری لۆس ئەنجلوسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت و ژمارەی قوربانییان و زیانەکانی ئاگرەکە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی کانونی دووەمی 2025, پزیشکی دادی لۆس ئەنجلوس رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 12 هەزار باڵەخانەش سووتاون، هەروەها فەرمان بە 150 هەزار کەس کراوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن".
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "دیمەنەکە لە ناوچەی جەنگ و ئۆپەراسیۆنەکانی بۆردوومان دەچێت".
سەرەڕای بەردەوامی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە تاوەکو ئەمڕۆ کە پێنجەم رۆژی ئاگرەکەیە نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.