لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا.
ئاوێنە: ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی راگەیاند، ئەو دوو منداڵەی لە چوارچرای نوێ گیانیان لەدەستدا بە دوکەڵی ئاگرەکە خنکاون.
وتیشی، “تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و قەبارەی زیانە ماڵییەکان نازاندرێت و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن”.
بەیانیی ئەمڕۆ سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، کاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چوارچرای نوێ ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بە هۆیەوە دوو منداڵ کە تەمەنیان شەش ساڵ و 10 ساڵە، گیانیان لەدەستدا منداڵێکی دیکەش سووتا و رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی کرا.
بەپێی وتەی سامان نادر، “ئەو خێزانەی لەنێو ماڵەکەدا نیشتەجێن بە نەتەوە عەرەبن”.