وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا سوورییەكەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ئەنجامدا و بە دەسەڵاتی نوێی سووریای ڕاگەیاند، باڵیۆزخانەكەیان لە دیمەشق دەكەنەوە و تەواوی نێردە دیپلۆماسییەكانیش دەگەڕێننەوە، هەروەها هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش كردەوە.
ئاوێنە: نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی پەیوەندیییە تەلەفۆنییەكەی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، کە تیایدا هاتووە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریا ئەنجامدا و تێیدا پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی شەیبانی لە پۆستەكە كرد.
هاوكات، فوئاد حسێن ستایشی گرنگیدانی شەیبانی كرد، بە نوێنەرایەتی دیپلۆماسی عێراق لە دیمەشق، هەروەها خواستی عێراقی پێ ڕاگەیاندن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەندامانی نێردە دیپلۆماسییەكان بۆ دیمەشق بۆ بەردەوامبوون لە كارەكانیان.
هەردوو وەزیر جەختیان لەوە كردەوە سەقامگیری و ئاسایشی هەردوو وڵات بەیەكەوە گرێدراون، شەیبانی وتی: ئاسایش و سەلامەتی عێراق بەشێكی دانەبڕاوی ئاسایش و سەلامەتی سووریایە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا فوئاد حسێن باسی لە جموجوڵەكانی ئەم دواییەی چەتەكانی داعش كرد لە ناوچە سنوورییەكان و جەختی لە گرنگی بەهێزكردنی هاوكاری و هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە كردەوە.
هاوكات شەیبانی جەختی لە ئامادەیی لایەنی سووریا كردەوە بۆ هەماهەنگی تەواو لەگەڵ عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە و ڕێگریكردن لە درووستكردنی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەردوو وڵات.