وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت: بە هۆی گەندەڵییەوە زیاتر لە دوو هەزار ئەفسەری وەزارەتەکەمان دەرکردووە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرجەم کامێراکانی سەر سنووری عێراق-سووریا وێنەکان ڕاستەوخۆ دەگوازنەوە بۆ بەغدا و لە ناوەندەوە چاودێریی دەکرێن.
وتیشی: ١٤ هەزار و ٧٩٧ دۆسیەی گەندەڵی لەنێو ئەفسەرانی ناوخۆ هەبووە، دوو هەزار و ١٠٣ ئەفسەر بەهۆی گەندەڵییەوە لە کارەکانیان دەرکراون.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەدا ٨٣ کردەوە تیرۆریستییەکان لە عێراق کەم بوونەتەوە، هەروەها ڕێژەی تاوانی مەترسیدار سەدا ٢٠ کەم بووەتەوە.
باسی لەوەش کرد، تۆڕی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرمان هەڵوەشاندووەتەوە و ١٤٨ تۆمەتباریش سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.