محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هۆشداری دەدات كە "هەر كێشەیەك" لە زیندانەكانی سوریا روبدات وادەكات عێراق روبەڕوی مەترسی تیرۆر ببێتەوە. رەتیشیدەكاتەوە كە رژێمی سوریا بەرلە كەوتنی داوای لەعێراق كردبێت دەستوەردانی سەربازی بكات لەدژی گروپە چەكدارەكان. دەشڵێت، ماهر ئەسەد لەدوای كەوتنی رژێمی سوریا نەهاتۆتە عێراق.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "الحدث" كە بڕیارە ئەمشەو هەینی تەواوی چاوپێكەوتنەكە بڵاوبكرێتەوە، رایگەیاند، ئێمە رێز لە ئیرادەی گەلی سوریا دەگرین و چاومان لەوەیە كە پڕۆسەیەكی سیاسی بەبەشداری هەموان لەو وڵاتە هەبێت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی كردەوە كە عێراق دەستوەردان لە كاروباری سوریا ناكات و ناشبێتە بەشێك لە یاریكردن بە ئاسایشی ئەو وڵاتە.
سودانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە داعش دەستی گرتوە بەسەر بڕێكی زۆر لە چەكی سوپای سوریادا و وتیشی، رودانی هەر كێشەیەك لەو زیندانانەی سوریادا كە ئەندامانی داعش لەخۆدەگرن، وا دەكات روبەڕوی مەترسی تیرۆر ببینەوە.
هەروەها وتیشی، بۆچونی خۆمان بە ئیدارەی نوێی سوریا لەبارەی دۆخی ئێستا گەیاندوەو پەرۆشین بۆ هەماهەنگی لەگەڵ سوریا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنور.
جەختیشی كردەوە كە ئەوان رێگە نادەن هیچ چەك و گروپێكی چەكداری لە سوریاوە بێتە نێو عێراق و وتیشی، حكومەتی عێراق و هێزە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی كە دەستوەردان لە كاروباری سوریادا نەكرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتیكردەوە رژێمەكەی بەشار ئەسەد بەرلە كەوتنی داوای لە عێراق كردبێت دەستوەردانی سەربازی بكات لەدژی ئەو گروپە چەكدارانەی كە رژێمەكەی ئەسەدیان روخاند.
هەروەها وتیشی، ماهر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد لەدوای روخانی رژێمی سوریا، نەهاتۆتە عێراق.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی هێرشەكانی میلیشیاكانی سەربە توركیاو ئەو وڵاتە بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە سوریا، سودانی جەختی كردەوە كە "شەڕی نێوان توركیاو هەسەدە، مەترسییەكی راستەقینە دروست دەكات."