بەپێی قسەی سەرچاوەیەكی باڵای نێو ئەو وەفدە عێراقییەی كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دیمەشق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیدارەی نوێی سوریا كۆبونەوە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پرسە ئەمنییەكان كراوەو ئیدارەی نوێی سوریا، پشتیوانی خۆی بۆ داواكانی عێراق لەوبارەیەوە دەربڕیوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەفدێكی باڵای عێراقی بە سەرۆكایەتی حەمید شەتری، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق سەردانی دیمەشقی كرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا بە ئامادەبونی بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە، كۆبونەوە.
ئاژانسی رەسمی هەواڵیی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای نێو وەفدە عێراقییەكەوە بڵاویكردۆتەوە كە تەوەری دانوستانی نێو كۆبونەوەكە پرسە ئەمنییەكان و ئەو بابەتانە بون كە پەیوەندیدارن بە پرسی ئاسایشەوە.
سەرچاوەكە وتوشیەتی، وەفدی عێراقی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا گفتوگۆی كردوە لەبارەی پاراستنی سنورەكان، هاریكاریی نێوان هەردو وڵات بۆ رێگریی لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هەروەها پاراستنی ئەو زیندانانەی كە داعشیان تێدان و لە سنوری خاكی سوریادان.
سەرچاوە باڵاكە وتوشیەتی، هەر لە كۆبونەوەكەدا وەفدەكەی عێراق بۆچون و داواكارییەكانی بەغدای لەبارەی رێزگرتن لە كەمینەكان و پاراستنی شوێنە ئایینییە پیرۆزەكان خستەڕو.
ئەو سەرچاوەیە جەختیشی كردۆتەوە كە ئیدارەی نوێی سوریا پشتیوانی خۆی بۆ داواكارییەكانی عێراق و نیگەرانییەكانی بەغدا نیشاندا لە پەیوەست بەو دۆسیانەی كە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.