دەرباز كۆسرەت رەسول، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، تاوەكو ئێستا باسی پۆستەكانی حكومەتیان لەگەڵ پارتی نەكردوەو دەشڵێت، یەكێتی دەیەوێت هاوبەشی راستەقینە بێت لە حكومەتی هەرێم، نەك بەشدار.
ئاوێنە: دەرباز كۆسرەت رەسول، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم وتی، ئێمە بڕوامان بەوەیە لە رابردودا كە هاوبەشیی راستەقینە لەنێوان هێزە و لایەنە سیاسییەكان هەبوە، كوردستان ئارامیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەمانەوێ هاوبەشی راستەقینە بین و بەشدار نەبین
هەروەها لەبارەی كۆبونەوەكانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت وتی، لیژنە پێكهێندراوە و لە گفتوگۆدان، لیژنەكە خەڵكی هونەری و ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی تێدایە، لەدوای سەری ساڵ یەكەمین كۆبونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن، دواتر لیژنەی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، نە ئێمەو نە برادەرانی پارتیش باسمان لە پۆستەكان نەكردوە، ئێمە بڕوامان بەوەیە زۆر شتی دیكە هەیە كە دەبێ لەسەری رێكبكەوین، رێككەوتنێكی سیاسی و گشتگیر بكەین، بۆئەوەی ئەو قەیرانانەی كە لە 10 ساڵی رابردو بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتوە، دوبارە نەبنەوە.