فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەلێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سکای نیوز عەرەبی ئامادەیی هێزەکانیانی بۆ پەیوەستبوون بەسوپای نوێی سووریا دەربڕی، دهشڵێت: ئەمە پێویستی بەگفتوگۆ هەیە.
ئاوێنە: شامی لەچاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ڕووبەڕووبونەوەکان لەگەڵ گروپە چەکدارییەکانی سەر بەتورکیا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ بەردەوامە و جەختی لەوەکردەوە، تورکیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی زیاتری خاکی سووریا دەدات، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک بەربەستێکە لەبەردەم ئەو تەماحانەی تورکیا.
سەبارەت بەشاری مەنبەج، وتی: هیچ ڕێککەوتنێک سەبارەت بەوشارە نییە، لایەنی ئەمریکیش پێداگریی لەسەر ئەوەدەکات کە ناوچەکە بێلایەن بمێنێتەوە، هەروەها هیچ پێشێلکارییەک لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە ئەنجام نەدراوە و باسی لەوەکردوە، تورکیا لەساڵی ٢٠١١وە هەمان بیانوو دەهێنێتەوە.
پلانەکانی تورکیا هەر تەنها ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سووریا قەتیس نابێت، ئەنكەرە بۆ بۆشایی دەسەڵات لەدیمەشق بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی لەناوچەکانی سووریا دەقۆزێتەوە، ئەمەش سیاسەتێکی کۆلۆنیالیزمیانەیه کە ناتوانرێت چاوپۆشی لێبکرێت.