دەیان هەزار عەلەوی لە سوریا لەدژی سوتاندنی مەزارێكی ئایینی لە حەڵەب خۆپیشاندانیان كرد
  2024-12-25       563       

دەیان هەزار سوری لە پێكهاتەی عەلەوی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە شارەكانی حمس، لازقیە، تەرتوس و قەرداحە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ ئیدانەكردنی سوتاندنی مەزارێكی ئایینیان لە حەڵەب.

ئاوێنە: خۆپیشاندانەكان دوای ئەوە هاتن كە پێشتر ڤیدیۆییەك بڵاوكرایەوە تێیدا مەزاری پیاوێكی ئایینی عەلەوییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەسوتێنرێت و پێنج كەسی مەدەنی لە پاسەوانانی مەزارەكە دەكوژرێن.

ئەو مەزارەی سوتێندراوە، مەزاری ئەبی عەبدوڵا حسێن بن حەمدان خوسەیبی-یە لە حەڵەب.

خۆپیشاندەرانی عەلەوی لەدژی سوتاندنی مەزارەكە، دروشمی "بە گیان و بە خوێن فیداتین ئەی خوسەیبی" و هەروەها دروشمی "یەكە یەكە گەلی سوریا یەكە"یان دەوتەوە.

شێخ عەبدوڵا خوسەیبی بە مەرجەعی یەكەمی عەلەوییەكان لەسوریا دادەنرێت و ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دەسەڵاتی نوێی سوریا رایگەیاندبو كە لێپێچینەوە لە بكەرانی سوتاندنی مەزارەكە دەكەن.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، هێزەكانی دەسەڵاتدارێتی نوێی سوریا لە هەندێك ناوچە بەتوندی روبەڕوی خۆپیشاندانەكان بۆتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆش، ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوریا رایگەیاند، چەكداریان لە گوندێكی سەربە تەرتوس روبەڕوی پاشماوەكانی رژێمی ئەسەد بونەتەوەو شەڕ رویداوەو لەئەنجامدا گروپێكی سەربە پاشماوەكانی رژێمی ئەسەد كوژراون.

هاوكات ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوریا قەدەغەی هاتوچۆی لە شارەكانی حمس و لازقیە لە 8ی ئێوارە بۆ 8ی سەرلەبەیانی راگەیاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×