ئا: محەمەد هاوژین
ژنان سکاڵای ئەوەیانە پیاوان لەکاتی دەستگیرانداری جۆرێکنو دوای ژن گواستنەوە جۆرێکی تر‌و تەواو جیاواز، ژنێک دەڵێت "لەکاتی دەستگیرانداریدا باشترین‌و شیریترین پیاو بوو، رۆژی سەد جار پێیدەوتم خۆشم ئەوێی، بەڵام ئێستا وا گۆڕاوە، باوەڕ ناکەم ئەو بێت". پیاوێکیش دەڵێت "کوڕان له‌قۆناغی ده‌ستگیرانداریدا زیاتر سۆز‌و عاتیفە به‌سه‌ر قسه‌و بڕیاره‌كانیاندا زاڵه‌و ئیش بەعەقڵ ناکەن".
شیلان ئەحمەد، یه‌كێكه له‌و ژنانه‌ی كه پیاوه‌كه‌ی له‌سه‌رده‌می ده‌ستگیرانداریدا زۆر خۆشی ویستووه، هەرچییەکی ویستووە بێ دڵی نەکردووە، لەگەڵی نەرم نیان‌و خۆشگوفتار بووەو لەقسەی دەرنەچووە، بەڵام ئێستا ئەوەی خۆشیناوێ ژنەکەیەتی، ئەو وتی "ئه‌و پیاوه‌ی ئێستا هاوسه‌ری منه، کە دەستگیرانم بوو باشترین پیاو بوو، رۆژی سەد جار پێیدەوتم خۆشمئەوێی، هەمیشە بەدەمەوە پێئەکەنیو قسە خۆش بوو، دەیوت خۆشترین کاتم ئەو کاتانەیە لەگەڵ تۆم، کەسم نییە تۆ نەبیت، به‌ڵام دوای تیپەڕینی ساڵێک بەسەر هاوسەرگیریماندا، به‌شێوه‌یه‌ك گۆڕاوه خۆشم بڕواناكه‌م ئه‌وه ئه‌و بێت، ئەڵیی تووشی کەئابە بووە".
شیلان زۆرجار لەخۆی دەپرسێ "تۆ بڵێی هەموو پیاوێک وابێ؟!".
گۆڕانکاریی‌و جیاوازی ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وتی پیاوان له‌قۆناغی دهستگیرانداریو ژن گواستنه‌وه‌دا یه‌كێكه له‌و باسانه‌ی کە لەناو ژنان‌و پیاوانی کوردستاندا زۆر قسەی لەسەر دەکرێت، تەنانەت قسەو باسی ئەوانەشە کە هێشتا نه‌چونه‌ته قۆناغی هاوسهرگیرییەوە".
نەشمیل جەمال، کە خاوەنی دوو منداڵە، هەمان گرفتی هەیەو باس لەوە دەکات ئەوەندەی لەگەڵ ژنە هاوڕێ مامۆستاکانی قسەو باسی کردووە، پیاوان به‌گشتی له‌قۆناغی ده‌ستگیرانداریدا به‌جۆرێك ره‌فتار ده‌كه‌ن ده‌بنه مایه‌ی سه‌رنجڕاكێشان‌و ره‌زامه‌ندی ده‌ستگیرانه‌كانیان، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌م قۆناغه ورده ورده ژنان ده‌كه‌ونه گله‌یی لهپیاوهكانیانو كێشه‌ی گۆڕانی كردار‌و گوفتار سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئەو وتی "ئه‌مه سیفاتی هه‌موو پیاوێكه‌و كه‌سیان له‌وه‌ی دیكه‌یان باشتر‌و جیاوازتر نییه".
وتیشی "ئێستا کە بیر دەکەمەوە بۆم دەردەکەوێ زۆرێك لەرهفتاری پیاوەکەم له‌سه‌رده‌می ده‌ستگیرانداریدا دهستكردو ساختە بوو، ته‌نها بۆ رازیكردنی دڵی من بوو کاتێک کە ده‌ستگیرانی بووم، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ستی پێمگه‌یشت، ئیتر ئه‌و زمانه شیرین‌و خۆشه‌ی یه‌كه‌مجاری نەما، ئێستا هەرچییەکی پێئەڵێی تووڕە دەبێت".
بەڵام لەبەرامبەردا، بەشێک لەپیاوان ئەم گۆڕانە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە لەکاتی دەستگیرنداریدا زیاتر سۆز بەسەر بڕیار‌و هەڵسوکەوتیاندا زاڵەو دوای گواستنەوە هەستدەکەن ئەوەی لەکاتی دەستگیرانداریدا سەبارەت بەژیانی خێزانداریی بیریان لێدەکردەوە هەمووی خەونو خەیاڵ بووە.
رەنج عەلائەدین، پێیوایە ئەوە راستە کە پیاوان بەگشتی دوای گواستنه‌وه گۆڕان به‌سه‌ر ره‌فتارو كرداریاندا دێت، چونكه قۆناغی ده‌ستگیرانداری وه‌ك خه‌یاڵ وایه‌و ئەو دنیا رەنگاوڕەنگ‌و بەهەشتەی پیاوەکە یان ژنەکە لەمێشکیاندا دروستیانکردووە، ئیتر تەواو پێچەوانەی ئەو واقیعەیە کە دوای گواستنەوە تیا دەژین، ئەو وتی "ئەرکی خێزانداریی زۆر قورسە لەڕووی ئابورییەوە، ئەمە جگە لەوەی بەکوردییەکەی خۆمان، هاوسەرگیریی پیاو دەبەستێتەوەو ئەو ئازادییەی لێتێکدەچێت کە لەسەردەمی کوڕێنیدا هەیبوو، ئەبێ دانیشێ بەدیار ماڵ‌و مناڵەوەو ژنی کوردیش هەمیشە خەریکی بەبۆڵە بۆڵ کردنن، هەر ئەڵێنو نایبڕنەوەو داواکارییان تەواو نابێت، سەیری داهاتو توانای مادی پیاو ناکەن، بۆیە پیاو ئیتر پیشخواردنەوە ژانی لێتێکدەداو زۆرجار تووشی کەئابە دەبێ".
وتیشی "کوڕان له‌قۆناغی ده‌ستگیرانداریدا زیاتر سۆز‌و عاتیفە به‌سه‌ر قسه‌و بڕیاره‌كانیاندا زاڵه‌و ئیش بەعەقڵ ناکەن، چەند پێتبڵێن هاوسەرگیریی کۆمەڵێک پابەندی‌و ئەرکی گەورەت بۆ دروست دەکات، منی کوڕ ئەم قسانە نەدەچوون بەمێشکمدا، تا خۆم بەڕاستی تاقیمکردەوە، لەدەستگیرانداریدا کوڕ داوای هه‌رچی بكات، كوڕ به‌بێ بیركردنه‌وه یان بۆیدهكڕێت یان په‌یمانی پێده‌دات له‌ئاینده‌دا بۆی بكڕێت، به‌ڵام دواتر كه ده‌چنه واقیعهكهوهو عه‌قڵ ده‌كه‌وێته كار، ئیتر پیاو لەبەرچاوی ژن دەگۆڕێو ناتوانێت لەهەموو شتێکدا بەدڵی ژن هەڵسوڕێت".
پەیمان بەهائەدین، کە توێژەری کۆمەڵایەتییە، هۆکاری ئەم گۆڕانە لەهەڵسوکەتی پیاودا دوای ژن گواستنەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی وەک شاعیرێکی فەرەنسی وتویەتی "کە جوانیم خستە سەرکۆشم دیتم تاڵە"، واتە پیاو هاوسەرگیریی لەلای نهێنییەکە هەر ئەوەندی کەشفی کرد، ئیتر ئەو تەلیسمە سیحراوییەی نامێنێ کە لەقۆناغی دەستگیرانداریدا لێیڕوانیوە، ئەو وتی "پێکەوەنانی خێازان بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە، پێویستی بەلەخۆبوردنو هاوکاری ژن‌و پیاویشە بۆ ئەوەی بەباشی‌و بەدڵخۆشی بەردەوام بێت، بەتایبەتی کە ئێستا قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی‌و دەرونی زۆربەی خەڵک هەبووە".
وتیشی "ناکرێت ژنان چاوەڕوانی ئەوە بن کە پیاو هەمان هەڵسوکەوتو رەفتاری هەبێت کە لەکاتی دەستگیرانداریدا هەیانبووە، پیاوانیش ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بن بەدیدی موڵکایەتییەوە لەژن بڕوانن، بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانێکی ئاسوودە بەیەکەوە بەسەربەرن پێویستە هەمیشە بە لەخۆبوردییو دوور لەخۆپەرستی لەگەڵ یەکتر مامڵە بکەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.