ئاڵدار خەلیل پەیامێکى ئاڕاستەى دەسەڵاتدارانى دیمەشق کرد
  2024-12-25       459       

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیى پارتی یەکێتیی دیموکرات، پرۆژەى "بەرێوەبەرایەتیى خۆسەر" یاخود فیدراڵى وەک چارەسەر بۆ سووریا دادەنێت و داوا لە دەسەڵاتدارانى نوێى دیمەشق دەکات پەیڕەوى لە پرۆژەکە بکەن.

ئاوێنه‌: ئاڵدار خەلیل، لە حەسەکە قسەى بۆ ئامادەبووانى گردبوونەوەیەکى جەماوەری کرد، کە بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات رێکخرا بوو.

ئاڵدار خەلیل، رایگەیاند، دوای رۆیشتنی بەشار ئەسەد و رووخانی رژێمی بەعس، قۆناغێکی نوێ لە سووریا دەستیپێکرد و دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێت سووریا بۆ هەمووان بێت.

گوتیشى "هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزى گرووپێکی دیاریکراونین، بەڵکو هێزێکن بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکان، هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بۆتە مۆدێلێک بۆ جێبەجێکردنی سیستمی دیموکراسی و برایەتی گەلان".

ئاڵدار خەلیل جەختی لەوەکردەوە، پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەشێکی دانەبڕاون لە سووریا، گوتیشى "ئێمە هیچ نیازێکی جوداخوازانە و دوژمنکارانەمان نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی دیموکراسی سەرکەوتوو پێشکەش دەکەین".

کە مەبەستى پرۆژەى بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرە و بە گوتەى ئەو، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت ببێتە بنەمای نووسینی دەستوورێکی نوێ کە دیموکراسی بەدەستبهێنێت و گرەنتی یەکگرتوویی سووریا بکات.

لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی بەرپرسانی دیمەشقى کرد، ئاڵدار خەلیل گوتی "ئێمە ئەم پرۆژەیەتان پێشکەش دەکەین بەناوی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەگەر ئێوە بەدوای ئازادیی و دیموکراسی و یەکگرتوویی سووریادا دەگەڕێن، ئەوا پرۆژەى بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر، یاخود فیدراڵى چارەسەرە".

ئاڵدار خەلیل، تورکیاى تۆمەتبار کرد هەوڵدەدات خەونە عوسمانییەکانی زیندوو بکاتەوە و بە داگیرکردنی زیاتری خاکی سووریا و پاڵپشتیکردنی گروپە چەکدارەکان سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات.

جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەگەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەڕاستی ئامانجی بەدیهێنانی ئاسایش بێت بۆ گەلی سووریا، دەبێت لە خاکی سووریا بکشێتەوە و گەلی سووریا بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان بۆ خۆیان بڕیار بدەن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×