تۆلای حاتەم ئۆگوللاری، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی رایگەیاند، هەمو هەوڵێكی توركیا بۆ لەناوبردنی رۆژئاوایە. دەشڵێت، دەبێت ئیدارەی نوێی سوریا، ئیدارەیەكی دیموكرات بێت و دان بە هەبونی هەمو گەلانی وڵاتەكەدا بنێت.
ئاوێنە: تۆلای حاتەم ئۆگوللاری، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆبونەوەی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی پارتەکەیدا قسەیکردو رایگەیاند، وێڕای هەمو فشارەکان لەسەر شارەوانییەکانی دەم پارتی، لە ئێستادا دەیانەوێت شارەوانییەکان گەمارۆ بدەن. دەیانەوێت کارێک بکەن شارەوانییەکانی دەرەوەی ئاکپارتی نەتوانن خزمەت بە گەل بکەن.
لە قسەکانییدا ئۆگۆللاری جەختی لەوەکردەوە لە هەمو هەوڵدانێکدان خزمەتی شارەوانییەکان بەرەوپێشەوە بەرن و لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێت بۆ هەرێمەکان سەرچاوەیەکی جێگرەوە بئافرێنن و لە ئیدارەدانی ناو کۆشک بە دوریان بخەنەوە.
لە بەشیكی دیكەی قسەكانیدا ئۆگۆللاری سەرنجی خستەسەر ئاڵۆزی و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا و وتی:"دەسەڵاتداری تورکیا هەمو هەوڵێکی بۆ لەناوبردنی ڕۆژئاوایە. دەبێت ئیدارەی نوێی سوریا دیموکراتی بێت و دان بە ناسنامە و هەبونی هەمو گەلاندا بنێت. ئەمە شتێکی گرنگی بنەڕەتییە."
ئاماژەی بەوەشدا، بونی سووریایەکی دیموکرات گەرەنتی ئاسایشی توركیایە، جارێکی دیکە داواتان لێدەكەین دەبێت دەستبەرداری دوژمنکاریی دۆخی کورد ببن لە ڕۆژئاوا.
لە بەشێكی دیکەی قسەکانییدا ئۆگۆللاری دەستینیشانیکرد هەفتەکانی ڕابردو داواکارییان بۆ دیداری ئیمراڵی پێشكەشکردوە، بەڵام هێشتا بێ وەڵام ماونەتەوە. ئۆگۆللاری جەختی لەوەکردەوە پێویستە پرسی کورد بە شێوەی دیموکراتیانە چارەسەر بکرێت و وتی: "ئەو شتەی پێویستە دەسەڵاتداری بیکات ئەوەیە دەستبەجێ دەرگای ئیمراڵی بکاتەوە، لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلاندا چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت و بۆ پرۆژەی ئاشتی خەباتی نوێ دەستپێبکرێت."