فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماژە بەوە دەکات، هەر پرۆژەیەک بۆ بەئیسلامیکردنی سوریا، هەڕەشە لە شوناسی فرەچەشنی کلتووری و ئاینی وڵاتەکە دەکات.
ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی حوڕە، هۆشداری دەدات لەهەر پرۆژەیەک بیەوێت سوریا بەئیسلامی بکات، عەبدی داواش دەکات، داهاتووی سوریا لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانیی نێوان هەموو ئاین و پێکهاتەکان دابمەزرێنرێت.
ئەو ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوان چارەسەری ئاشتییانەیان بۆ سوریا دەوێت و کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ تەحریری شام دەکەنەوە بۆ ئەوەی هیچ پێکدادانێک لەنێوانیاندا روونەدات.
مەزڵوم عەبدی وتیشی "هێشتا دانوستانمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا نەکردووە، بەڵام کاری لەپێشینەمان لەئێستادا، فەراهەمکردنی کەشێکە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی سوریا پارێزراو بێت".