مەلا بەختیار: لە هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی سیاسیی هاوبەش نییە بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا
  2024-12-25       269       

مەلا بەختیار، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی رایگەیاند، پێویستە کورد لە ڕۆژئاوا یەکگرتو بێت و چارەسەرێکی واقعی سیاسی لە چوارچێوەی سوریادا بۆ خۆی بدۆزێتەوە. دەشڵێت، لە سەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێویستە لایەنەکانی ڕۆژئاوا هانبدەن بۆ ئەوەی ڕێكبکەون، بەڵام لە ئێستادا "پرۆژەیەکی سیاسیی هاوبەش لە هەرێم نییە بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا."

ئاوێنە: مەلا بەختیار، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە ڕۆژئاوا یان ڕێککەوتن و یەک پرۆژەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی مەسەلە دیموکراتییەکانی سوریا و ئەو مافانەی داوای دەکەن یان توشی کێشەی زۆر گەورە دەبن."

وتیشی،"لە ڕۆژئاوا ئەگەری شەڕی سەربازیی ناوخۆ دورە، بەڵام جاری وا هەیە زەرەری کێشە سیاسییەکان کە ڕێكناکەون لە شەڕی سەربازی زیاترە."

ڕۆژی 23ی مانگی 12 بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا، دوای کۆبوونەوەکەش هەریەک لە هەسەدە و ئەنەکەسە کە هەریەکێکیان نوێنەرایەتی چەند حزبێک دەکەن لە ڕۆژئاوا کۆبونەوەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد و جەختیان لە گرنگی بەردەوامی کۆبونەوەی هاوبەش کردەوە بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتن.

بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا هەوڵێک هەیە لەلایەن چەند کەسایەتی سیاسی و سەربەخۆوە داوا لە سەرۆکی پارتی بکەن ئەنەکەسە ناچار بکات بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەسەدە، بەو پێیەی ئەنەکەسە بە لایەنی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەژمار دەکرێت، چونکە پێیان وایە ئەم قۆناغە پێویستی بە هەڵویستی سیاسیی هاوبەش هەیە تا بە یەکگرتویی بچنە دیمەشق و کورد بە یەک پاکێج مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سیاسیی سوریادا بکات لە دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع.

مەلا بەختیار وتویەتی"کێشەکە تەنها ئەوە نییە لە ڕۆژئاوا لە نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە ڕێککەوتن نییە، کێشەکە ئەوەیە لە باشوری کوردستانیش پرۆژەیەکی سیاسیی هاوبەش نییە بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، لە قۆناغی ڕابردو هەڵە هەبوە لە رۆژئاوا و باشور، ئەوە با ببێت بە قوربانی قۆناغەکە، بەڵام نابێت ئەو هەڵانە دوبارە بکرێنەوە، ئێستا دەبێت ئەوەی دەتوانن ڕێکبکەون لەسەر خاڵە هاوبەشەکان و خاڵە ناکۆکەکان بخەنە دوای یەکی ئازار کە پرۆسەی دیموکراسی و حوکمڕانی و نوسینی دەستورە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"کورد دەبێت لە ناوخۆیدا ڕێککەوتنی هەبێت، نابێ ئەم هەلە لە دەستبدات بۆ پێداگری لەسەر مافەکانی لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکرات، بۆ هەرێم واجبە چاوەڕێ بن بزانن ڕۆژئاوا دەڵێن چی و هانیان بدەین بۆ ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا، تەنانەت لەگەڵ تورکیاش هانیان بدەین توشی شەڕ نەبن، چونکە کورد زورەرمەند دەبێت."

بەڕای مەلا بەختیار لەم قۆناغەدا ئایندەی کورد نادیارە لە سوریا و وتوشیەتی"دڵخۆشم بەوەی کورد پشتیوانی هەیە لە ڕۆژئاوا، بەڵام لە بیرمان نەچێت دوای ڕێککەوتنی سیڤەر لە ژێر فشاری کەمالیزمدا سیڤەر گۆڕا بە لۆزان و وڵاتانی زلهێز پاشەکشەیان لە مافی کورد کرد."

بەبڕوای مەلا بەختیار "لە قۆناغی یەکەمدا دەبێت کورد نەرم بێت بۆ گفتوگۆی سیاسی لەناو گفتوگۆکەدا پرۆژەیەكی سیاسیی یەکگرتو ببەنە پێشەوە، قۆناغی دوەم دوای 1ی ئازار دەستپێدەکات ئەویش قۆناغی فەلسەفەی سیاسی و حوکمڕانی ڕاستەقینەو ڕێککەوتنی سیاسییە بۆ نوسینی دەستور، ئەمە وردەکاری زۆرە و ناکرێ دو قۆناغەکە تێکەڵبکرێن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×