ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق باس لە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات، هاوكات بڕیارە ئەمڕۆ حكومەتی فیدراڵ بڕی ٤٣٠ ملیار دینار بۆ تەواوكاری مووچەی مانگی ڕابردوو بنێرێت.
ئاوێنە: میدیا عێراقییەكان سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ناردنی مووچەی فەرمانبەران هەرێمی كوردستان، بڵاویان كردەوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی حكومەتی عێراق سەبارەت بە كورتهێنانی مووچەی مووچەخۆران و پێداچوونەوە بە ژمارەیەك دۆسییە لەبارەی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گفتوگۆ دەكات.
هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم دەڵێت: بڕیارە ئەمڕۆ حكومەتی فیدراڵ بڕی ٤٣٠ ملیار دینار بۆ تەواوكاری مووچەی مانگی ڕابردوو بنێرێت، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی هەرێم بكرێت، ئەوا مووچەی مانگی ١١ لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم دابەش دەكرێت.
پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە ٦٣١ ملیار دیناری، بۆ مووچەی مانگی ١١ ڕەوانەی هەرێم كرد، بەڵام هێشتا وەزارەتی دارایی هەرێم وادەی دابەشكردنی ڕانەگەیاندووە و دەڵێت: ئەو پارەیە ٤٣٠ ملیار دینار كورتهێنانی هەیە.
پرسی مووچەی مووچەخۆران یەكێكە لە كێشە ئاڵۆزەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، تا ئێستا چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی ئابووری و گوزەرانی مووچەخۆرانی هەرێم درووستكردووە.