ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هاوپەیمانان ئیرادەی خۆیان بەسەر یەکێتی و پارتیدا فەرز ناکەن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵییان نەکرێت تا قیامەت لە هەرێم نامێننەوەو وەکو ئەفغانستان بەجێمان دەهێڵن.
ئاوێنە: جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هاوپەیمانان هانمان دەدەن بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگەو کردنی پێشمەرگە بە هێزێکی پرۆفیشناڵ."
وتیشی"هاوپەیمانان دەیانەوێت پێشمەرگە بەدەر بێت لە ململانێی حزبی، گەر ئەمەمان کرد دەستخۆشیمان لێدەکەن، گەر گوێڕایەڵیشیان نەکەین وەکو ئەفغانستان بەجێمان دەهڵێن، خۆ تا قیامەت لەگەڵ ئێمە نامێننەوە."
جەختیشیکردەوە،"لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا هاوپەیمانان لەگەڵمانن، گەر لە ساڵی 2014ەوە حسابیشی بکەین دەکاتە 10 ساڵ، سەرباری ئەو هەمو هاوکاری و پێدانی پارەو چەک و تەقەمەنی و مەشقکردنە بە پێشمەرگە، گەر چیتر گوێڕایەڵی هاوپەیمانان نەکەین، لێمان بێزار دەبن و وازمان لێدەهێنن."
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە بە دەستبەکاربونی ناوچەی سەربازی یەک و دو کە بەشێکی زۆری هێزەکانی پێشمەرگەو فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80ی پێشمەرگەی تێدا ڕێکدەخرێتەوە.
هێزەکانی 70 سەر بە یەکێتی و هێزەکانی 80 سەر بە پارتییە و یەکێک لە داواکارییەکانی هاوپەیمانان ڕێکخستنەوەی ئەو هێزانەیە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵام چاودێران پێیانوایە گۆڕینی ناوی ئەو دو هێزە بۆ ناوچەی سەربازی یەک و دو تەنیا گۆڕینی ناوەکانیانە.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە پۆستێکی باڵاو فەرمیدایە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گۆڕینی ناوی 70 و 80 بۆ ناوچەی سەربازی یەک و دو تەنها گۆڕینی ناوە نەک یەکخستنەوەی پێشمەرگە، ئەم کارەش وەکو وەڵام دانەوەی خواستی هاوپەیمانان ئەنجامدراوە کە نابێت تا ساڵی 2026 هێز لەدەرەوەی وەزارەت بمێنێت."
وتیشی"هێزی پێشمەرگە کاتی زۆری دەوێت تا لە ژێر هەژمونی حزب دەردەهێنرێت، دەبێت وردە وردە لێهاتویی و چوارچێوەی سەربازی ببێتە هۆی یەکخستنی پێشمەرگە."
فەرماندەیی لەشکری کوردستان هێزێکی سەر بە پارتی بو، فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەش سەر بە یەکێتی بو، بەڵام لە ساڵی 2009 و لە ژێر ناوی یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا ناوەکانیان بۆ 70 و 80 گۆڕدرا، لە ئێستاشدا ناوی 70 و 80 ش گۆڕدرا بۆناوچەی سەربازی یەک و دو.
ناوچەی سەربازی یەک و دو کە درێژکراوەی هێزەکانی 70 و 80ی پارتی و یەکێتین، گوایە لەمەودوا فەرماندەیی فیرقەو لیواکان دەکەن لەڕوی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و مەسەلەی دارایی و پێداویستییەکانیانەوە.
فەریق جەبار یاوەر وتی،"ئایا گۆڕینی ناوی 70 و 80 بۆ ناوچەی سەربازی یەک و دو دەبێتە هۆکاری نەمانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەسەر هێزی پێشمەرگە، ئەمە دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی حزب فەرمان بە فەرماندەکانیان نەکات و فەرماندەکانیش نەگەڕێنەوە بۆ بڕیاری حزب."
هەروەها وتیشی،"دەبێت یەکێتی و پارتی بە قەناعەتەوە دەستبەرداری هێزە چەکدارەکان و لە نێویان دا پێشمەرگە ببن، خۆ جگە لە هێزی پێشمەرگە دەیان جۆر هێزی تری چەکدار هەن کە سەربە پارتی و یەکێتین."
لە ماوەی مانگی 12 ی ساڵی 2024دا، چەندین وەفدی باڵای سەربازی وڵاتانی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردو لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەدا دیدارو کۆبونەوەیان ئەنجامدا.
وەزیری بەرگری هۆڵەندا، وەزیری بەرگری ئیتالیا، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، سوپاسالاری بەریتانیاو چەندین وەفدی تری سەربازی لە نێو ئەو وەفدانەدا بون، کە لەم مانگەدا بە جیا سەردانی هەرێمیان کردوە.
سەرچاوە باڵا سەربازییەکەی هەرێم کە ئاگاداری دیدارو کۆبونەوەکان بوە، وتی،"ئەو وڵاتانە دۆستی کوردن و پشتیوانی کورد دەکەن، حەز دەکەن کورد یەکگرتو بێت. پێمان دەڵێن نەیارتان زۆرەو مەترسیتان لەسەرە، ڕێنماییمان دەکەن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە لایەنی کوردی لەکۆبونەوەکاندا قسەی جوان دەکات و دواتر هەنگاوی کرداری بۆ یەکڕیزی نانرێت."
جەختیشیکردەوە،"هۆکارێکی تری سەردانی بەرپرسانی ئەوروپاو وڵاتانی تر بۆ هەرێمی کوردستان بۆئاگاداربونە لە دۆخی ناوچەکە."
زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەفدی باڵای ئەوروپاو وڵاتانی تر بۆ هەرێمی کوردستان بە حاڵەتێکی ئاسایی ناودەبات، پێیوایە درێژکراوەی ئەو سەردانانەیە لە ڕابردودا هەبون.
زیرەک کەمال، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرۆکایەتی هەرێم دامەزراوەیەکی یاسایی و شەرعییە، بۆیە لەسەر ئاستی دەرەوە سەردانی دەکرێت و پێشوازیشی لێدەکرێت."