دوای ئەوەی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی پۆستێكی لە سەر سەرۆكی پارتی تەقەدووم كرد و بە ئاژاوە گێڕ ناوی برد، دواتر محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پارتی تەقەدووم سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو بەرپرسەی پارتی تۆماركرد.
ئاوێنه: میدیا عێراقییەكان سەبارەت بە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەلایەن محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پارتی تەقەدووم، نووسراوێكی فەرمییان بڵاوكردەوە، بەپێی نووسراوەكە، ئەمڕۆ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پارتی تەقەدووم لە دادگای سێی كەرخ سكاڵای یاسایی لەسەر هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی تۆماركردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هۆشیار زێباری تۆمەتی مەترسیدار و ناڕاستی داوەتە پاڵ حەلبووسی.
پێشتر ئەو بەرپرسەی پارتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی كردەوە، لە ئێستادا هەوڵێكی بێوچان هەیە لەلایەن بەشێك لە كەسایەتییە سیاسییەكان و ئەوانەی سوودمەندی ماددییان وەرگرتووە، دەیانەوێت عێراق نقومی قەیران و كێشە بكەن، لە سەروشیانەوە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق.