وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل سەرکردایەتی هێرشکردنە سەر مزگەوتی ئەقسا دەکات
  2024-12-26       182       

سەرچاوە ناوخۆییە فەڵەستینییەکان ڕایانگەیاندوە، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل سەرکردایەتی هێرشی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا كردوه‌.

ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەڵەستین (وەفا) لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، "دەیان سه‌ربازی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی ئیتامار بن گڤیری توندڕەو، بە گروپ لە ئاڕاستەی دەروازەی موغەریبە، هێرشیان کردە سەر مزگه‌وتی ئەقسا و ڕێوڕەسمی ڕەگەزپەرستانەی تەلمودییان ئەنجامدا".

ئاوێنه‌: سەرچاوەکان ڕونیان کردەوە کە "داگیرکەرەکان یەکەیەکی تایبەتی لە حەوشەکانی ئەقسا جێگیر کردوەو ڕێگریک لە چونە ژورەوەی نوێژخوێنان ده‌كه‌ن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "پۆلیس ڕێوشوێنە سەربازییەکانیان لە دەوروبەری شاری کۆنی قودس و لە دەروازەکانی مزگەوتی ئەقسا چڕکردەوە و ڕێگرییان لە چونە ژورەوەی هاوڵاتیان بۆ ناو حەوشەی مزگەوتی پیرۆز کرد".

بەپێی ئاژانسەکە، "گروپە توندڕەوەکانی پەرستگاکە داوای دەستدرێژییەکی بەرفراوانیان کردوه‌ بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا لە جەژنی حەنوکە جولەکەکاندا لە 25ی ئەم مانگەدا".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "لە سەرەتای دەستپێکردنی دەستدرێژی هەمەلایەنەی ئیسرائیل بۆ سەر گەلەکەمان لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا، لە ئۆکتۆبەری 2023، هێزەکانی ئیسرائیل ڕێکارەکانیان لە دەروازەکانی مزگەوتی ئەقسا و دەروازەکانی چونە ژورەوە توندتر کردوەتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×