وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تۆمەتباركردنی وڵاتەكەی بە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی سوریا، "بێ بنەمایە" و رەتیدەكەنەوە.
ئاوێنە: ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئاماژەدان بە روداوەكانی چەند رۆژی رابردوی سوریا لە چەند شارێكی ئەو وڵاتەو خۆپیشاندانی عەلەوییەكان لەدژی سوتاندنی مەزارێكی ئایینیان لە حەڵەب، وتی، "جێی سەرسوڕمانە بۆیان كە هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن تۆمەتی بێ بنەمایان داوەتە پاڵ كۆماری ئیسلامی ئێران گوایە كە دەستوەردانی لە كاروباری ناوخۆی سوریادا كردوە."
جەختیشی كردەوە كە ئەو تۆمەتانە بەتەواوەتی رەتدەكەنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە یەكپارچەیی خاكی سوریاو یەكێتی گەلی ئەو وڵاتە دەكات، هەروەك پشتیوانی لە سیستمێكی سیاسی گشتگیر بە بەشداری هەمو لایەنە سیاسییەكان و هەمو پێكهاتەو ئایینەكانی ئەو وڵاتە و رێزگرتن لە كەمینەكان و پاراستنی شكۆی شوێنە ئایینییەكان دەكات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیشی لە پێویستی رێگەگرتن لە پەرەسەندنی نائارامی و بەكارهێنانی توندوتیژی لەدژی چینوتوێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی سوری كردۆتەوە لەگەڵ دەستەبەركردنی ئاسایشی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ چوارشەممە، دەیان هەزار سوری لە پێكهاتەی عەلەوی، لە شارەكانی دیمەشق، حمس، لازقیە، تەرتوس و قەرداحە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ ئیدانەكردنی سوتاندنی مەزارێكی ئایینیان لە حەڵەب، هێزەكانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سوریا روبەڕوی ئەو خۆپیشاندەرانە بونەوەو توندوتیژی لێكەوتەوەو شەوی رابردوش لە بەشێكی ئەو شارانە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا.
رۆژێك بەرلەوەش ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی نوێی سوریا هۆشداری دایە ئێران كە نابێت ئاژاوە لە سوریا بنێتەوەو بەڵكو لەسەریەتی رێز لە ئیرادەی گەل و سەروەریی سوریا بگرێت.
قسەكانی شیبانی دوای ئەوە هاتن كە رۆژی یەكشەممەی سەرەتای ئەم هەفتەیە، عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە گەنجانی سوریا كرد، روبەڕوی ئەوانە ببنەوە كە لەپشت روداوەكانی سوریا و "نەهێشتنی ئاسایش"ەوەن لەو وڵاتە.
خامەنەیی وتی"چاوەڕێ دەكەین گروپێكی بەهێز لە سوریا سەر هەڵبدات، چونكە گەنجانی سوریا ئەمڕۆ هیچیان نییە لەدەستی بدەن، قوتابخانە، زانكۆ و ماڵ و شەقامەكانیان كراونەتە شوێنی ناسەقامگیر."
وتیشی"بۆیە دەبێت گەنجانی سوریا بەوپەڕی هێزەوە دژی پیلانگێڕان و ئەوانە بوەستنەوە كە بونەتە مایەی نەبونی ئاسایش و بەسەریاندا سەربكەون."