سەركردایەتی گشتیی ئیدارەی نوێی سوریا، ئەنەس حەسەن خەتاب، ئەمیری پێشو لە بەرەی نوسرە، وەك سەرۆكی نوێی دەزگای هەواڵگریی گشتی سوریا دەستنیشان دەكات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەركردایەتی گشتیی ئیدارەی نوێی سوریا رایگەیاند، ئەنەس حەسەن خەتاب وەك سەرۆكی نوێی دەزگای هەواڵگریی گشتی سوریا دەستنیشانكرا.
ئەنەس خەتاب كە بە ئەبو ئەحمەد حدود ناسراوە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری دەستەی تەحریری شامەو وەك جێگری ئەحمەد شەرع، سەرۆكی گشتی دەستەكە دەناسرا
خەتاب لەدایكبوی ساڵی 1987ی شاری جیرود-ی سنوری دیمەشقە، خوێندكاری كۆلێژی ئەندازیاری بوە لە دیمەشق بەڵام بەرلەوەی خوێندنەكەی تەواو بكات هاتۆتە عێراق.
خەتاب هاوكات بەرپرسی دەزگای ئاسایشی گشتی بو لەو ناوچانەی كە لەژێر دەستی دەستەی تەحریری شامدا بون بەر لە كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد كە هەڵساوە بە كۆكردنەوەی زانیاریی و دروستكردنی تۆڕی سیخوڕی.
خەتاب لە ساڵی 2012 بەشداری كردوە لە دامەزراندنی بەرەی نوسرەو دواتر لە ناوەڕاستی ساڵی 2013دا بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی شورای بەرەكەو بەرپرسی پەیوەندییەكانی نێوان بەرەی نوسرەو رێكخراوی قاعیدە بوە لە عێراق بۆ وەرگرتنی هاوكاریی دارایی و ماددی و هاوكار بوە لە كارئاسانی بۆ تەمویكردن و هێنانی چەك بۆ بەرەی نوسرە.
ئەو لە 23ی ئەیلولی ساڵی 2014، ناوی خراوەتە لیستی تیرۆرەوە كە بەپێی راپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پەیوەندی بە رێكخراوی قاعیدەوە هەبوەو بەشداربوە لە دابینكردنی پارە بۆ چالاكی و كردەوەكان و پلان و كارەكانی بەرەی نوسرە.