میدیاکانی عێراق لە چەند شوێنێکی جیاواز باس لەوە دەکەن، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئامادەنەبووە ئەو وەفدە تەکنیکییەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ببینێت کە بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی لیستی مووچە سەردانی بەغدادیان کردبوو.
ئاوێنه: بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، وەفدێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە گەیشتنە بەغدا بە ئامانجی کۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و چارەسەری گرفتەکانی لیستی مووچە، بەڵام ناوبراو ئامادەنەبووە بیانبینێت و وەفدەکە بەبێ دەستکەوتنی هیچ ئەنجامێک گەڕاونەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوەی وەفدەکەی هەرێم لە کۆبوونەوە لەگەڵ تەیف سامی بێئومێد بوون، راپۆرتەکانیان رادەستی بەشی ژمێریاریی وەزارەتەکە کردووە، ئەوانیش پێیان وتوون، "کێشەکەی ئێوە لای وەزیرە نەک ئێمە".
کۆتایی ساڵی 2024 نزیکبووەتەوە و هێشتا مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە مووچەی مانگەکانی 11 و 12 وەربگرن و دیاریش نییە کەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.