بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کرد و پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد.
ئاوێنە: لەدیدارەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.
لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند "کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردوومان لە بەغدا درێژکراوەی هەوڵە بەردەوامەکانمانە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی".
وتیشی "بێگومان هاوکاری و پشتیوانیی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڕێزان لە دەسەڵاتی دادوەری بەرزدەنرخێنین بۆ هەوڵەکانیان تاوەکو پابەند بە دەستور و یاسا، مافی خەڵکی کوردستان پارێزراوبێت و تێکەڵی ململانێ حزبی و سیاسییەکان نەکرێت". بافڵ تاڵەبانی لەبەرامبەر د. لەتیف جەمال رەشیدیش دەڵێت "هەوڵەکانی بەڕێزتان وەک سەرۆک کۆمار کە بەردەوام هاوکارمانبوون و لە خەمی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستاندا بوون".
لەبەرامبەردا د. لەتیف جەمال رەشید پشتیوانیی تەواوی بۆ هەموو ئەو هەوڵە نیشتمانی و بونیادنەرانە دووپاتکردەوە کە ئامانجەکەی پاراستنی سەقامگیری، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دوورخستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیە لە وڵات.