بەرپرسێكی شیعە: هیچ هێرشێكی نوێ لەلایەن گروپە چەكدارەكانی عێراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نەدراوە
  2024-12-23       392       

وتەبێژی هاوپەیمانێتی نەسری شیعی ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق دۆخەکەی کۆنترۆڵکردوەو هیچ هێرشێکی نوێ لەلایەن هێزە چەکدارە شیعەکانی عێراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نەدراوە، بەرپرسیارێتی بەرامبەر عێراق و گەلەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی هەر هێزێک لە عێراقەوە هێرش ئەنجام بدات.

ئاوێنە: سەلام زوبێدی، وتەبێژی هاوپەیمانێتی نەسر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەر هێزێک لە عێراقەوە هێرش ئەنجام بدات یاخیبونە لە دەوڵەت و بڕیاڕەکانی دەوڵەت، عێراقیش دەخاتە بەردەم ئەگەری هێرشی ئەمەریکاو ئیسرائیل، بۆیە دەبێت هێزە چەکدارەکان لە ڕێگەی پەیوەندییان لەگەڵ حکومەت ودامەزراوە سەربازییەکانەوە حساباتی ورد بۆ دۆخەکە بکەن."

دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە مانگی دەی ساڵی 2023، میلیشیا شیعەکانی عێراق بون بە بەشێک لەو شەڕەو ئەنجامدانی دەیان هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند.

بەپێی بەیاننامەی میلیشیا شیعەکانی عێراق، لە مانگی 11ی ساڵی 2023ەوە تا ئێستا نزیکەی 315 هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل کەمتر لە 100 هێرشیان پشتڕاستکردوەتەوە.

بەرپرسێکی باڵای پێشوی عێراق کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بۆردومانی ئیسرائیل لەلایەن میلیشیا شیعەکانی عێراقەوە بایەخی ستراتیژی نەما، چونکە پێشتر میلیشیا شیعەکان بۆ سەرقاڵکردنی ئیسرائیل و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر غەززەو حیزبوڵاو سوریا بۆردومانیان دەکرد، ئێستا دۆخەکە گۆڕا."

وتیشی،"گەر لەمەودوا میلیشیا شیعەکان لە عێراقەوە ئیسرائیل بۆردومان بکەن، ئەوا خۆیان پاساو دەدەن بە دەستەوەو گورزی گەورەیان لێدەوەشێنرێت. فشارێکی

میلیشیا شیعەکانی عێراق لە ڕابردودا زۆربەی هێرشەکانیان لەناو خاکی سوریاوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دەدا، بەڵام چیتر سوریا وەکو پێگەی ئەو گروپانە کۆتایی هات و ناتوانن بۆ چالاکییە سەربازییەکانیان بەکاری بهێنن، بەو پێیەی دەسەڵاتی نوێی سوریا نەیاری ئەو گروپانەیە.

بۆ ئەنجامدانی چالاکی سەربازی لە دژی ئیسرائیل، لەمەودوا میلیشیا شیعەکانی عێراق دەبێت خاکی عێراق بەکاربهێنن، ئەمەش جگە لەوەی دوچاری پێکدادانیان لە گەڵ حکومەتی عێراق دەکات، دەیانخاتە بەردەم ئەگەری هێرشی سەربازی ئیسرائیلیش.

سەلام زوبێدی وتی،"هەڵوێستی حکومەتی عێراقە ڕونە، ڕاگەیاندنی شەڕو ئاشتی بەدەست حکومەتەوەیەو حکومەتیش هەوڵەکانی بۆ ڕێگرتن لە فراوانبونی شەڕ خستوەتەگەر."

ئەوەشی خستەڕو،"هەر بڕیارێک لەدەرەوەی بڕیاری حکومەت یاخی بونە لە حکومەت و سەروەری عێراق، حکومەت لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هێزە چەکدارەکان بۆ ئەوەی پابەند بن بە بڕیارەکانییەوە."

ئەمڕۆ دوشەممە، 23 ی مانگی 12 ی 2024، کەتیبەکانی سەیدوشوهەدای عێراق، ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ مەسەلەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گەڕاندەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×