ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یەكەم دانیشتنی لەبارەی دوو سكاڵای تایبەت بە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات، كە لە سكاڵاكاندا داوا دەكرێت دوو وەزارەتی حكومەتی هەرێم بە نادەستووریی دابنرێت.
ئاوێنە: دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ و ئەو سكاڵایانەی وردبینی بۆ دەكات، كارنامەی كۆبوونەوەكانی بڵاو كردەوە.
بەپێی كارنامەكە، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یەكەم دانیشتنی لەبارەی دوو سكاڵای تایبەت بە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات، هەردوو سكاڵاكە لە لایەن یەك سكاڵاكارەوە بەناوی (خالید مستەفا حسێن) لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە.
سكاڵای یەكەم، سكاڵاكار داوا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەكات، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسای ژمارە (٨)ـی ساڵی ٢٠٠٦، بە نادەستووریی ناو ببات، دوای بە نادەستوریی ناساندنی، سكاڵاكار داوا دەكات هەریەكە لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بكرێن بە درووستكردنی دەستەیەك بە ناوی (دامەزراوەی شەهیدان) كە بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە ببەسترێتەوە و لە ڕووی دارایی و ئیدارییەوە دەستەیەكی سەربەخۆ بێت.
سكاڵای دووەم، سكاڵاكار داوا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەكات وەزارەتی (ئەوقاف و كاروباریی ئاینی هەرێمی كوردستان) بەگوێرەی یاسای ژمارە (١١)ـی ساڵی ٢٠٠٧ بە وەزارەتێكی نادەستووریی ئەژمار بكات، هەریەكە لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم پابەند بكات بە درووستكردنی دیوان بۆ ئاین و ئاینزا جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان.
بەجۆرێك ئەم دیوانانە ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە و لە ڕووی دارایی و ئیدارییەوە دەستەی سەربەخۆ بن، بە یاسا كاركردنی هەریەكێك لەو دەستانە ڕێكبخرێت، بەشێوەیەك زامنی نوێنەرایەتیی سەرجەم پێكهاتە ئاینییەكان بكرێت بەشێوەیەكی دادپەروەرانە.