ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند، رێگە بە بونی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت نادەین ئەوەش ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان. وەزیری دەرەوەی توركیاش دەڵێت، لە ئایندەی سوریادا هیچ شوێنێك بۆ "پەكەكە و یەپەگە" نییە.
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەدوای كۆبونەوەی نێوانیان، ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتی دەستەی تەحریری شام و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە ئەحمەد شەرع كە بە ئەبو محەمەد جۆلانی ناسراوە وتی، بەهیچ شێوەیەك رێگە بە بونی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نادەین... گروپە چەكدارەكان خۆیان هەڵدەوەشێننەوەو ئەمەش ئەو گروپە چەكدارانە دەگرێتەوە كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.
ئەحمەد شەرع وتیشی"بونی لایەنی چەكدار لە هەر شوێنێك، بە مانی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری."
لای خۆیشییەوە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی، لەگەڵ ئەحمەد شەرع باسمان لە پرسی یەپەگە و پەكەكە كرد.
وەزیری دەرەوەی توركیا ئەوەشی خستەڕو "لە ئایندەی سوریادا هیچ شوێنێك بۆ پەكەكە و یەپەگە نییە."
هاكان فیدان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا داوای كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریادا پەیوەندی هەبێت و داواشی كرد كە سزاكانی سەر سوریا هەڵبگیرێن.