وەزیری پێشمەرگە: دو ناوچەی سەركردایەتی دادەمەزرێنرێن بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە
  2024-12-22       252       

وەزیری پێشمەرگە ئاشكرایكرد، دو ناوچەی سەركردایەتی بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دادەمەزرێن كە بەشێکی زۆری هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80یان تێدا رێكدەخرێتەوەو لەسەرەتای ساڵی 2025ەوە دەستبەكاردەبن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەكشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی باڵای کرد لە وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەوەش خراوەتەڕو، لە كۆبونەوەكەدا عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەت، فریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداریی گشتیی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80ـی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەی فیرقەکانی 2 و 4ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری، ئامادەبون.

ئاماژە بەوەشدراوە، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردن و بریاردان بو لەبارەی پرۆژەیەکی ئامادەکراو بۆ دامەزراندنی دو ناوچەی سەرکردایەتیی کە لە 11 فیرقەی سەربازی پێکهاتون لەژێر سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەکاردەبن.

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: دو ناوچەیی سەرکردایەتیی دادەمەزرێنین بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا کاروبارەکانیان رێکدەخەنەوەو دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە بە گرنگیەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەموان هاوڕابون کە ئەم ژێرخانە  پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی یەکگرتوی کوردستانی کە پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکات لە هەر مەترسییەک کە لە ئێستا و ئایندەدا روبەرومان دەبێتەوە.

لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا: بە دەستەکاربونی هەردو ناوچەی سەرکردایەتی یەک و دو کە بەشێکی زۆری هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزەکانی (٨٠،٧٠)ی پێشمەرگەی کوردستانی تێدا رێکدەخرێتەوە، لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیردەبن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥وە.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا، بە کۆی دەنگی هەموان رەزامەندیدرا؛ لەسەر بنیاتنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتوی ژمێریاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×