بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ وەفدێكی باڵای دەم پارتی كۆبوەوەو رایگەیاند، پاڵپشتیی گەلەکەمان دەکەین لە رۆژئاوا بۆ سەرخستنی ئامانجەکانیان و دەشڵێت، هەوڵەکانی مەزڵوم عەبدی لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە بەرزدەنرخێنین.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیی لە وەفدێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) کرد کە پێکهاتبون لە تولای هاتیمۆغولاری ئۆروچ، هاوسەرۆکی دەم پارتی و ئەبرو گونای، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەو بەردان ئۆزتورک، وتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا دۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سوریا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کرایەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەدرێژەی کۆبونەوەکەدا هەردولا جەختیان لە پاراستنی مافەکان و رێزگرتن لە ئیرادەی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی سوریا بەتایبەت گەلی کورد کردەوە، داواشکرا هەموان پێکەوە بە یەکسانی بڕیار لە چارەنوسی وڵاتەکە بدەن و قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی بهێننە کایەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بافڵ تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئەرێنی لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بۆ داهاتوی سوریا دوپاتکردەوەو رایگەیاند، "پشتیوانیی هەمو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانجەکەی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردە لە سوریا، پاڵپشتیی گەلەکەشمان دەکەین لە رۆژئاوا بۆ سەرخستنی ئامانجەکانیان. هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز مەزڵوم عەبدی لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە بەرزدەنرخێنین و هیوادارین هەمولایەک بەهەمان رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان بدەن."
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەبەرامبەردا وەفدی باڵای دەم پارتی پێزانینیان بۆ هەڵوێستی کوردستانییانەی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕی کە وەک هەمیشە هاوکارو پشتیوانبون بۆ پاراستنی مافی کوردو رونیان کردەوە، دەم پارتی بە سیاسەتێکی نیشتمانییانەوە کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری دەکات، بێگومان هەوڵەکانیشمان لەپێناو پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سوریا بەردەوامدەبن."