شەپۆلی ڕەشبگیری و دەستگیر کردنی هاوڵاتییانی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە درێژەی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، هەشت هاوڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان لە یەک هەفتەدا لەلایەن هێزی ئەمنییەكانەوە دەستگیر کراون و تا ئێستا چارەنووسی ئەو هاوڵاتییانە نادیارە.
ئاوێنه: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا هەشت هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئومێد ساڵحی تەمەن ١٧ ساڵ، ئایمن سەفایی تەمەن ٢١ ساڵ، کۆمار ساڵحی تەمەن ٢٣ ساڵ، هێمن پاڵانی تەمەن ٢٥ ساڵ، عیرفان مورادی تەمەن ٢٥ ساڵ، خالید کەمەری تەمەن ٢٧ ساڵ و پەیام ڕەنجبەر تەمەن ٢٧ ساڵ و کاوە سوهرابی تەمەن ٢٢ ساڵ کە سەرجەمیان خەڵکی شارۆچکەی سەرپێڵی زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشانن لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیر کراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاوڵاتییانە لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە بۆ ماڵەکەییان و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستگیر کراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
دەشڵێن، ئەو هاوڵاتییانە بەهۆی بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد دەستگیر کراون.
جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ١١٥ هاوڵاتیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیرانەوە دەستگیر کراون کە ٤٥ یان کورد بوون.